کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ هەوڵ و چالاکییەکانی پێوەندییەکانی حیزب لە سویس لەسەر چوونی سەحراڕوودی بۆ ئەو وڵاتە

15:04 - 24 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: پاش چوونی سەحراڕووی بۆ ئورووپا، پۆلیس و دەزگا پێوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان لەلایەن نوێنەرایەتییەکانی حیزبەوە ئاگادار کرانەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش ئاگادار کرانەوە لە سەردانی محەممەد جەعفەر سەحراڕوودی لە وڵاتی سویس، نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات چەندین نوێنەری پارلمان و ئەندامی حکوومەتی سویسی لە سەردانی ئەو بکوژە ئاگادار کردووەتەوە.
نوێنەرایەتیی حیزب لە دەرەوەی وڵات هەتا ئێستاش هیچ وەڵامێکیان لەو پێوەندییەدا وەرنەگرتووەتەوە و روون نییە کە ئاخۆ سەحراڕوودی دەسبەسەر کراوە، یان گەڕاونەتەوە بۆ ئێران.
محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی کە ناوی خۆی بۆ محەممەد جەعفەری گۆڕیوە بە تاوانی تیرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازیڵ رەسووڵ، لەلایە دادگای شاری ڤییەنەوە حوکمی گیرانی دەرچووە، بەڵام ئەو حوکمە هەتا ئێستا نەدراوە بە ئینترپوول.
لە پێوەندییەکدا کە نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە دەرەوەی وڵات بە پۆلیسی ئینترپۆلەوە گرتووەیەتی، رایانگەیاندووە: کە ئەوان حوکمی گیرانی سەحراڕوودییان نییە.

6746.jpg


محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی لە رێکەوتی ١١ هەتا ١٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی لە کۆبوونەوەی شاری ژنێڤ ــ کۆبوونەوەی پارلمانتارانی جیهان ــ ئامادە بوو و نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش دەست لەجێ پۆلیس و دەزگای قەزایی ژنێڤ و پۆلیسی فیدراڵیی ئاگادار کردەوە و لەدژی چوونی سەحراڕوودی بۆ ئەو وڵاتە سکاڵای یاسایی تۆمار کرد.
نوێنەرایەتیی حیزبی دێموکرات داوای لە پۆلیسی شاری ژنێڤ کرد کە ئیزنی خۆپیشاندانیان لەمەڕ مەحکووم کردنی چوونی سەحراڕوودی بۆ ئەو وڵاتە پێ بدات، بەڵام پاش ١٢ کاتژمێر پۆلیس ئیزنی خۆپیشاندانەکەی دا.
خۆپیشاندەران ئەو خۆپیشاندانەیان لەبەر دەم بینای یووئێن بەڕێوەبرد، بەشداران لەو هەوڵی ناساندنی ئەو تیرۆریستەیان دەدا.
هەروەها نوێنەرایەتیی حیزب لە رێگای کارلۆ سۆمۆروگامان سەرۆکی گرووپ پارلمانتارانی دۆستی کوردەوە رێکخراوی \'\'ترایل\'\' کەلە بواری تەعقیبی تاوانباران شارەزاییان هەیە، ئاگادار کردەوە و دوابەدوای ئەوەش میدیاکانی کانتۆنی \'\'ژنیڤ\'\' لە رێگای بڵاونامەیەکی رۆژنامەییدا (کومۆنیکە دۆ پرس)، ئاگادار کراونەتەوە.
هێشتا دادوەری گشتی کانتۆنی ژنیڤ، هەڵوێستی خۆی لە پێوەندی لەگەڵ چوونی ناوبراو بۆ سەر خاکی سویس، رانەگەیاندووە و پێوەندییەکانی حیزب لە سویس، چاوەڕیی وەڵامە.

6748.jpg
ژان زیگلر، کەسایەتیی ناسراوی سویسی و ئەندامی کۆمیتەی راوێژکاری ئەنجومەنی مافی مرۆڤ لە کاتی خۆپیشاندان لە دژی سەردانی سەحراڕوودی بۆ ژنێڤ لەبەر دەم بینای UN


ئەو کەس و لایەنانە کە پێوەندییان لەگەڵدا گیراوە و لە سەردانەکەی سەحراڕوودی ئاگادار کراونەتەوە، بریتین لە:


ــ وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سویس

ــ وەزارەتی ناوخۆی سویس

ــ سكاڵا لای دادوەری گشتی کانتونی ژنڤ، لە رێگای پارێزەرو پارلەمانتار ماورۆ پۆژا، سکاڵا تۆمار کراوە

ــ کارلۆ سۆمۆروگا پارلەمانتار و سەرۆکی گروپ پارلەمانتارانی دۆستی کورد گیراوە

ــ ژان زیگلر کەسایەتیی ناسراوی سویسی و ئەندامی کۆمیتەی راوێژکاری ئەنجومەنی مافی مرۆڤ

ــ مەلیک ئوزدم، پارلمانتاری پێشوی شاری ژنێڤ

ــ مارک فوڵکێ، ئەندام پارلمانی شاری ژنێڤ