کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راپۆرت/ ئەگەری هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە لەئارادایە

16:12 - 6 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: ئەندامێكی بەرەی یەكگرتووی دژبەرانی سووریە رایگەیاندووە، لەم دوایانەدا چەندین دانیشتن لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریە و ئەو وڵاتانەی كە دەیانهەوێ‌هێرشی نیزامی بكەنە سەر رێژیمی سووریە كراوە و ئەگەرەكانیان هێناوەتە بەر باس.


ئەحمەد رەمەزان وتوویەتی: بە مەبەستی هێرش كردن بۆ سەر سووریە كاتێكی دیاری كراو دەستنیشان نەكراوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لەچەند رۆژی داهاتوودا ئەو ئۆپەراسیۆنە ئەنجام بدرێت.
\'\'فرانسوا ئولاند\'\' سەركۆماری فەرانسە
ئەو لێپرسراوە رایگەیاندووە، وڵاتەكەی ئامادەیی ئەوەی تێدا هەیە كە سزا ئەو كەسانە بدات كە هاووڵاتیانی سڤیلیان لەسووریەدا كردۆتە قوربانی و بەچەكی شیمیایی هێرشیان كردوونەتە سەر.
ئولاند وتوویەتی: شەڕی ناوخۆیی سووریە مەترسییەكی زۆر گەورە و جیدییە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ‌و ئاشتی جیهانی و بەڵگەكان باس لەوە دەكەن رێژیمی بەشار ئەسەد جەنایەتی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام داوە.
جو بایدن جێگری سەركۆماری ئەمریكا
بایدن لەو باوەڕەدایە، هیچ گومانێك لەوەدا نیە كە هێرشی شیمیایی رۆژی چوارشەممە لەلایەن رێژیمی بەشار ئەسەدەوە بووە و ئەو رێژیمە دەبێ‌وڵامدەر بێت.
چاك هیگل وەزیری بەرگریی ئەمریكا
وەزیری بەرگری ئەمریكا لەوتووێژێكدا لەگەڵ كاناڵی بی‌بی‌سی رایگەیاندووە، ئێمە چاوەڕوانی بڕیاری سەركۆماری ئەمریكاین و ئامادەی هەر چەشنە هێرشێك بۆ سەر رێژیمی \'\'بەشار ئەسەدین\'\'.
كۆبوونەوەی نهێنی لە توركیە
هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردۆتەوە، كۆبوونەوەیەكی نهێنی بە بەشداری دژبەرانی بەشار ئەسەد لەئیستانبوڵ بەڕێوە چووە و تێیدا بڕیار دراوە هەتا چەند رۆژی داهاتوو رێكاری نیزامی بەدژی رێژیمی سووریە دەگیردرێتە بەر.
فڕۆكە جەنگییەكانی بریتانیا لە قێبرس
رۆژنامەی گاردین بڵاوی كردۆتەوە، فڕۆكە چەنگییەكانی بریتانیا بە رەوانەی بنكە نیزامییەكانی قیبرس كراون و فڕۆكەكان لە جۆری سی ـ ١٣٠ ن.
حكوومەتی بریتانیا
رۆژنامەی تایمز بڵاوی كردەوە، بریتانیا سەرقاڵی تەیار كردنی هێزەكانی بە مەبەستی هێرش كردنە سەر سووریەیە و داواشی لە ناتۆ كردووە لەرێگای كەشتییە جەنگییەكانیەوە بنكە و بارەگاكانی رێژیمی سووریە بۆردومان و تۆپبارن بكەن.
وتەبێژی دەوڵەتی بریتانیا ئەوەی خستۆتە روو، چەند رۆژی دیكە پارلەمانی بریتانیا لەپێوەندیی تاوتوێ‌كردنی هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە كۆ دەبێتەوە.
هەر لەو پێوەندییەدا دیوید كامیرون سەرۆك وەزیری بریتانیا داوای لە سەركۆماری ئەمریكا كردووە كە هەر چی خێراتر هێرشی نیزامیی بكرێتە سەر دامەزراوەكانی رێژیمی سووریە.
لەحاڵی حازردا سێ‌ناوگانی جەنگیی ئەمریكا لەكەنداو و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناڤین دان و بڕیارە ناوێكی دیكەش رەوانەی ناوچەكە بكرێت و ئەندامانی كۆنگرەی ئەمریكا داوایان لەحكوومەتی وڵاتەكەیان كردووە بە مووشەكی كرووز هێرش بكرێتە سەر دامەزراوەكانی سووریە.
هەر لەو پێوەندییەدا رێژیمی ئێران پەرچەكرداری بەو هەڵوێستانەی وڵاتان و ئەگەری هێرش بۆ سەر سووریە نیشان داوە.
بەرپرسانی رێژیمی ئێران وێڕای هەڕەشە لەوڵاتانی رۆژئاوا راشیانگەیادووە، كە بە شێوەیەكی زۆر توند وەڵامی ئەو لایەنانەی كە بیانهەوێ‌هێرش بكەنە سەر سووریە دەدرێتەوە.