کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

راگه‌یه‌نراوی یه‌کیەتیی پیشه‌یی مامۆ‌ستایانی کوردستانی ئێران به بۆنه‌ی ده‌ستپێکی ساڵی نوێی خوێندن (٩٤ -١٣٩٣)

22:01 - 22 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران بە بۆنەی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، پەیامێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەو پەیامە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانیانی خۆشەویست
مامۆستایانی هێژا و رووناكبیر
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان

له حاڵێکدا پێ دەنێینە سی ‌و شه‌شه‌مین ساڵی نوێی خوێندن له ژێر ده‌سە‌ڵاتی کۆماری ئیسلامیی که قوتابیانی نه‌ته‌وه‌کانی جیا له نه‌ته‌وه‌ی فارسی ئێران و یه‌ک له‌وان نه‌ته‌وه‌ی کورد، له خوێندن به زمانی دایکی خۆیان له قوتابخانه‌کان بێ‌به‌شن و بۆ جارێکی‌تر ده‌بێ گوێ بیستی ده‌نگی زه‌نگی نادادپه‌روه‌ری له قوتابخانه‌کانی ئێراندا‌بین و قوتابیان و مامۆ‌ستایانی کورد بۆ سالیکی‌تریش به زمانێک جیا له زمانی زگماکی خۆیان له قوتابخانه‌کان ده‌ست ده‌ده‌نه پێنووس و بە هیوای گەیشتن بە مافەکانیان پرۆسەی پەردەوە بەردەوام بکەن.

ئازیزان
هه‌ر ئێستا زیاتر له ساڵێک به سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی حه‌سه‌نی رووحانی وەک سه‌رۆک کۆماری رژێمی ئێراندا تیپه‌ڕ ده‌بێ و لە هەمان کاتیشدا به‎‌‌‌ڵێنیەکانی ئه‌و به‌رپرسه‌ی رژیم، له هه‌مبه‌ر خوێندن به زمانی دایکی له قوتابخانه‌کان بۆ نه‌ته‌وه‌کانی ئێران بە پێچەوانەی بانگه‌شه‌کانی لە شانۆی هه‌ڵبژاردندا ده‌‌بێته بڵقی سه‌ر ئاو و بۆمان روون ده‌بێته‌وه که ئه‌وه به‌ڵێنانه‌ش وەک هەمیشە بێ‌بنه‌مان و ته‌‌نیا پڕوپاگه‌نده‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن و به لاڕێدابردنی ڕای گشتی بوو.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندیە‌دا و له ماوه‌ی یه‌ک مانگی ڕابردوودا، به‌رپرسانی رژیم له پارێزگای سنه باسیان له‌ دامەزراندنی لقی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی ئەو پارێزگایەدا هێنایە بەرباس و بڕیاریان داوە لقی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆکانی پارێزگای سنەدا بگوترێتەوە و لە داهاتوویەکی نزیکدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیمه وه‌ک یه‌کیەتی پێشه‌یی مامۆ‌ستاتیانی کوردستانی ئیران له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ین که ئه‌م پلانه ناچێته بواری جێبه‌جێ‌کردنه‌وه و ئه‌گه‌ریش جێبه‌جێ بکری هیچ یه‌ک له خواست و ویسته‌کانی ئێمه نایه‌نه‌ته دی و ته‌نیا ئامانجی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی به ڵاڕێدابردنی ڕای گشتییە و هیچی تر. ئه‌مه ش له حاڵێک دایه بەپێی دەستووری کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەتەوە جیاوازەکانی ئێران مافی خوێندن بە زمانی دایکیان هەیە.

لە لایەکی ترەوە بە پێی ئامارەکانی خودی رژێم، ته‌مه‌نی تووشبوان به ماده‌سڕکه‌ره‌کان له ئێران‌دا دابەزیوەو به پێێ دوایین زانیاریەکانی خودی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی، ته‌مه‌نی تووشبوان به ماده‌سڕکه‌ره‌کان گه‌یشتۆوەته ته‌مه‌نی ١٤ - ١٣ و به واتایه‌کی تر قوتابیانی قۆناغی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی گرتۆته‌وه و به‌کارهێنانی شیشه و جۆره‌کانی ره‌وانگردان له نێو قوتابیان دا ڕوو له زیاد بوونه.

هه‌ر چه‌ند ئامارێکی راسته‌قینه له به‌رده‌ست دا نییه به‌ڵام به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی باس له‌وه‌ده‌که‌ن ١٪ یانی نزیک به ١٣ هه‌زار قوتابی ئێران به ماده‌سڕکه‌ره‌کان تووش بوون و ئه‌ویش به شێوه‌ی رابواردن و خۆشی بەکاری ده‌هێنن، به‌ڵام به پێی هەندێک سه‌رچاوه، رێژه‌که زۆر له‌وانه زیاتره که به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی باسی لێ ده‌که‌ن و به‌کارهێنانی ماده‌هۆشبەرەکان تەنیا لە ئاستی ڕابواردندا نییه به‌ڵکوو قوتابیان بە تەواوی تووشی ئەو ماده‌سڕکانە بوون. ئه‌مه له‌حاڵێکدایه به‌رپرسانی پێوه‌ندیدار له کاروباری په‌روه‌رده‌و فێرکردن به جێی داندانان و دۆزینەوەی ڕێگاچاره‌ی گونجاو بۆ کێشه‌که،‌باس له‌وه‌ده‌که‌ن که قوتابی توشبوو به ماده‌سڕکه‌ره‌کان له ئێران دا بوونی نییه و حاشای لێده‌که‌ن.

هاونیشتمانانی هێژا

له حاڵێکدا که قوتابخانه‌کانی ئه‌ورۆی ئێران به گشتی و قوتابخانه‌کانی کوردستان به تایبه‌تی به ده‌ست کۆمه‌ڵێک که‌م و کوڕیەوە دەناڵینن وه‌ک: که‌می شوێنی گونجاوی په‌روه‌ردەیی، زۆربوونی لە ڕادەبەدەری ڕێژەی قوتابیان لەناو پۆلەکاندا، دوو‌دانەبوونی زۆربه‌ی هه‌ره زۆری قوتابخانه‌کان، که‌میی مامۆ‌ستا، که‌میی بودجەی فێرکاری و هتد به‌ره‌وروون. سەرانی کۆماری ئیسلامیی به‌رپرسانی کۆماری ئیسلامیی له ساڵی تازه‌ی خوێندندا زه‌نگی نوێژیان له سه‌رجه‌م قوتابخانه‌کانی ئێران زۆرەملی کردووه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ٣٠ خوله‌کیان لەکاتی خوێندنی رۆژانەی قوتابیان، ته‌رخان کردووه. ئه‌م کرده‌وه‌یه دوای پلانی بە به‌سیجی‌کردنی قوتابیان له چه‌ند ساڵی ڕابردوودا، هه‌نگاوێکی دیکه‌ی به‌رپرسانی کۆماری ئیسڵامیه بۆ به ئیسلامیی‌کردنی قوتابخانه‌کان و که‌ڵک وه‌رگرتن له کەش و دۆخی په‌وه‌روه‌رده و فێرکردن بۆ ئامانجه ئایینی و ئایدیاکانی ئاخونده‌کانی کۆماری ئیسلامیی و ده‌ستێوه‌ردانی مەلاکان له قوتابخانه‌کاندا.

ئەوە له حاڵێکدا ساڵی تازه‌ی خوێندن ده‌ست پێده‌که‌ین که به‌شیک له منداڵان و قوتابیان کوردستان ئێران به هۆکارگه‌ڵێکی وه‌ک: نەبوونی دەرفەتی بەرابەر و هاوشێوە، بێ به‌ری بوون له خوێندن به زمانی‌زگماکی، هەڵاواردنی ڕه‌گه‌زی، کێشه‌ی ئابووری بنه‌ماڵه‌کان، وه‌رگرتنی پاره‌ی زۆره‌ملی لە قوتابیان، نه‌بوونی هانده‌ر و هتد، وازیان له خوێندن هێناوه و ئەم ڕەوتەش لە پەرەسەندندایە. به‌پێی ئاماره‌کانی ساڵی رابردوو زۆرتر له یه‌ک لەسەر چواری منداڵانی ئێرانی وازیان له خوێندن هێناوه و شیمانه ده‌کرێ ئه‌و‌ساڵیش به‌هەمان ڕێژه‌یه له قوتابخانه ناونوسیان نه‌کردبێ.
له لایه‌کی ترەوە زۆبه‌ره‌ی هه‌ره زۆری مامۆ‌ستایانی قوتابخانه‌کانی کوردستانی ئیران له دۆخێکی ناله‌باری ئابووریدا ژیان تیپه‌ڕ ده‌که‌ن و ناچارن بۆ بژێوی ژیانیان جیا له پیشه‌‌ی مامۆ‌ستایه‌تی، به یه‌ک یان دوو پیشه‌ی ترەوە سه‌ر قال بن که ئه‌مه‌ش هه‌م کاریگه‌ری نەرێنی له سه‌ر خودی مامۆ‌ستایان و هه‌م له سه‌ر قوتابیەکان ده‌بێت و جێگه‌و پێگه‌ی شیاوی مامۆ‌ستا له ژێر ده‌سه‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی دا ده‌باته ژێر پرسیاره‌وه.
له کۆتایی دا ئێمه یه‌کیەتی پیشه‌یی مامۆ‌ستایانی کوردستانی ئێران وێڕای پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی خوێندنى و کرانەوەی قوتابخانەکان له‌سه‌رجه‌م مامۆستايان و خوێندكاران و قوتابيانى ئێران و كوردستان، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ هه‌موولایه‌ك دەخوازین و هیوادارین لە ساڵی نوێی خوێندندا هەوڵەکانمان چڕتر و پڕتر بکەینەوە بۆ وەدەست هێنانی مافە نەتەوایەتی و پیشەییەکانمان.

یه‌کێتی پیشه‌یی مامۆ‌ستایانی کوردستانی ئێران
٢٢ی خەرمانانی ٢٧١٤ی کوردی
بەرامبەر بە ١٣ی سێپتامبری ٢٠١٤ زایینی