کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رووداوی هاتوچۆ لە پارێزگای کرماشان، ٩ قوربانیی لێکەوتەوە

18:23 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە دوو رووداوی جیاجیادا لە پارێزگای کرماشان، رووداوی هاتوچۆ گیانی ٦ هاووڵاتیی ستاند و ٣ کەسی بە توندی بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، رووداوی هاتوچۆ لە گوندی تەشار سەربە بەخشی نەوسوود هاووڵاتییەک گیانی لە دەست دا.

ناوی ئەو هاووڵاتییە کە لەو رووداوەدا گیانی لە دەست داوە، \'\'رەفعەت عوسمانی\'\' راگەیەنراوە.

لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا ئێوارەی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٨ی گەلاوێژ، لە رێگای روانسەر ــ کوزەران، بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ پارس و L 90، پێنج هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا و سێی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

ناستانداریی رێگاوبان، کەمتەرخەمیی پۆلیسی هاتوچۆ، ناستانداریی و لە کارکەوتووی ئۆتۆمبێلەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زۆربوونی رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستانی ئێران دایە.

بەپێی ئاماری پزیشکیی یاسایی رێژیمی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٦٠٤ هاووڵاتیی کورد بەهۆی رووداوی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە.

هەر بەپێی ئەو ئامارە لە پارێزگای کرماشان ١٠ هەزار و ٨٥٢ کەس بەهۆی رووداوی هاتوچۆ بریندار بوون کە سێ هەزار و دوو کەسیان ژن و حەوت هەزار و ٨٥٠ کەسی دیکە لە رەگەزی پیاو بوون کە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتری (٩١) لەسەدا ٩،١ زیادبوونی بە خۆیەوە بینیوە.