کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رۆژی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوەندی ١ی کوردستان بەرز راگیرا

15:36 - 30 سەرماوەز 2713

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوەندی ١ی کوردستان رۆژی پێشمەرگەی کوردستانیان بەرز راگرت.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەبۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی پێشمەرگەی کوردستان، رێوڕەسمێک بە بەشداریی کادر و پێشمەرگە و ژمارەیەک لە ئەندامانی رێبەریی حیزبی دێموکرات رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٩ی سەرماوەزی ١٣٩٢ی هەتاوی لە ساڵۆنی رێوڕەسمەکانی ناوەندی ١ی کوردستان بەڕێوەچوو.
رێوڕەسمەکە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی و سەربەستیی کوردستان دەستی پێ کرد.
دواتر پەیامی ناوەندی ١ی کوردستان لەلایەن \'\'تاهیر کەسیلی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەرپرسی ناوەندی ١ خوێندرایەوە.
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا پەیامی هاوبەشی کۆمیتەی یەکیەتییەکانی لاوان و ژنان لە ناوەندی ١ی کوردستان لەلایەن \'\'زریوە خاکی\'\'یەوە خوێندرایەوە.
لە نێوئاخنی رێوڕەسمەکەدا چەندین سروودی شۆڕشگێری لەلایەن \'\'کۆڕی مووزیکی حیزبی دێموکرات و کۆڕی مووزیکی ناوەندی ١ی کوردستان\'\'ـەوە پێشکەش کران و هەروەها چەندین شێعر و پەخشان لەلایەن \'\'ناسح خاکی و مونیر عەزیزی\'\'یەوە خوێندرانەوە.
هونەرمەندان \'\'غوڵام فاتحی و بەیان پیرانی\'\' لەو رێوڕەسمەدا بەبۆنەی رۆژی پێشمەرگەی کوردستان چەند گۆڕانییەکیان خوێند و رێوڕەسمەکە بە شایی و هەڵپەڕکێ و گۆڤەندی بەشداران کۆتایی پێهات.