کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێوڕه‌سمێک بەبۆنەی رۆژی شه‌هیدان له‌یۆتوبۆری وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو

16:39 - 12 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: رێوڕەسمی ١٠ی خاکەلێوە بە بەشداریی ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری یۆتۆبۆری وڵاتی سوێد بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ١٠ی خاکەلێوە رۆژی شەهیدانی کوردستان، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوە کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یۆتۆبۆری بە هاوکاریی یەکیەتیی کوردان و ABFی ئەو شارە رێوڕەسمێک بە بەشداریی ژمارەیەک لە بنەماڵەی شەهیدان و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و نوێنەرانی لایەنەکان، بەڕێوەچوو.
ئەو رێوڕەسمە بە خوێندنی سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێ کرد.
دواتر \'\'موراد قادری\'\' بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یۆتۆبۆری، پەیامی کۆمیەتی خوێندنەوە و دواتریش پەیامی کۆمیتەی هاوکاریی هێزە سیاسییەکانی کورد کوردستانی لەلایەن \'\'ئەحمەد چەتۆ\'\' بەرپرسی کۆمیتەی هاوکاری لە یۆتۆبۆری پێشکەش کرا.
لە بڕگەی دیکەی ئەو رێوڕەسمەکدا \'\'دوکتور گوڵموراد مورادی\'\' نووسەر و مێژووزان، سەبارەت بە مێژوو و کەسایەتیی پێشەوا قازی محەممەد، بیری نەتەوەیی، رۆڵی رێبەرانی کورد و ئەرکی کوردانی نیشتمانپەروەر بۆ بەشداران قسەی کرد.
لە کۆتایی ئەو رێوڕەسمەدا کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە یۆتۆبۆری، چەپکەگوڵی رێز و ئەمەگداریی پێشکەش بە بنەماڵەی شەهیدانی بەشدار لەو رێوڕەسمەدا کرد.