کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات: کۆنفرانسی لاوانی هەرچوار بەشی کوردستان بەڕێوە ناچێت

23:15 - 5 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی ئێران لە بەرانبەر پەک کەوتن و بەڕێوەنەچوونی کۆنفڕانسی لاوانی چوار پارچە راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی راگەیەنراوی لاوانی رۆژهەڵات کەلە ماڵپەڕی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا بڵاو بووەتەوە، بەم چەشنەیە:

راگە‌یا‌ندراوی لیژنەی رۆژهەڵات، لەهەمبەر بەڕێوەنەچوونی چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان

خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان!
لاوانی بە هەست و خۆڕاگر!
رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوان لە هەر چوار پارچەی کوردستان!

ئێمە رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات لەم رێگەیەوە رایدەگەیەنین کە بەهۆی کۆمەڵێک گرفت کەلە خوارەوە ئاماژەی پێدەکەین، دوایین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە ئەرکی سەرپەرەستی کردنەکەی لە ئەستۆی رێکخراوەکانی کوردستانی رۆژهەڵاتە و ماوەی نزیک به ٦ مانگە ئەو لیژنەیە لە هەوڵی رێکخستن و ئامادەکاری دایە، راگیرا و بەڕێوه ناچێت.

لێرەدا ئاماژەیەکی کورت بە ئامانجەکانی کۆنفڕانس‌و هۆکارەکانی بەڕێوەنەچوونی دوایین کۆنفڕانس، دەخەینە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز:

ئایا کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوان هەولێک بوو بۆ بەهێزکردن و رێکخستنی ئامانجەکانی لاوان، یان پرۆژەیەکی نەزۆک بوو کە هەر لە سەرەتاوە بە مەبەستی تایبەتی هەندێ لایەن هاتە ئاراوە؟

بەستنی یەکەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوان لە باکووری کوردستان بە بێ بەشداریی رێکخراوەکانی کوردستانی رۆژهەلات بووەتە بەستێنێک  بۆ لە دایک بوونی کۆنفڕانسێک کە بە بێ بوونی چەند لایەنی دیار لە رێکخستنەکانی لاوان دەرفەتێک بوو بۆ هەوڵەکانی خۆسەپاندنی لایەنەکانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان. بەڵام بەشداریی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەلات لە کۆنفڕانسی دووهەم و هاوکاری لەگەڵ رێکخراواکانی پارچەکانی تری کوردستان تا رادەیەکی زۆر هاوسەنگیی پێکهێنا و هەوڵی خۆسەپاندن بەسەر کاروباری کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی لاواز کرد و کار و باری کۆنفرانسی دووهەم، تا رادەیەک بە باشی لە راستای مەبەستی واقیعیی خۆی بەرێوەچوو.

لە کۆنفرانسی سێیەمدا، پرش و بڵاوی رێکخراەکانی رۆژئاوا و زاڵ بوونی هێژموونی رێکخراوەکانی سەر بە پەکەکە لە رۆژئاوا، کۆنفرانسی سێهەمی کرد بە دوو بەش کە یەکیان لە رۆژئاوا و ئەوی دیکەیان لە کەمپی پەنابەرانی رۆژئاوا لە دۆمێز بەڕێوەچوو، ‌بەشێک لە هۆکاری کەرتبوونەکەی دەگەڕایەوە بۆ لایەنەکانی سەربە پەکەکه‌و لە لایەکی دیکەش کەمتەرخەمیی بەشێک لە رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی باشوور.

لێرەدا بەستێن بۆ دابەشبوون کرایەوە و هەوڵەکان بۆ نەزۆک کردنی کۆنفرانسی چوارەمی نەتەوەیی لاوان خۆش بوو. بۆیە هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی کاری لیژنەی ئامادەکار کە بە پێی بڕیاری کۆنفڕانسی سێهەم کەلە خاڵی (٢٦) ئاماژە بەوە دەکا: کۆنفرانسى چوارەم، ئەرکی ئامادەکاری و رێکخستنەکەی لە ساڵى داهاتوودا، لە ئەستۆی رێکخراوەکانى لاوانى رۆژهەڵاتى کوردستانە و ئەوان کات و شوێنەکەى دیارى دەکەن.
رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵاتیش، لە کۆتایی‌یەکانی ساڵی ٢٠١٣ی زاینییدا، یەکەم کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵاتیان پێک هێنا و لەو کۆنفڕانسەدا ئامادەکارییەکانی کۆنفڕانسی چوارەمی نەتەوەیی لاوانی هەرچوارپارچەی کوردستان، تاوتوێ کرا و بە پێی خاڵێک کەلە بڕیارنامەی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسەدا هاتووە، کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات یەکگرتوانە خوازیارە لە ساڵی نوێدا چوارەم‌کۆنفڕانسی لاوانی هەر چوار پارچە بە بەشداری هەموو لایەک بەڕێوەبچێ‌و هەر کەس‌و لایەنێک هەوڵی بەلاڕێدا بردنی ئەو کۆنفڕانسە بدا، مەحکوومی دەکات.

لە یەکەم  کۆنفڕانسی لاوانی رۆژهەڵات‌، لیژنەی هاوئاهەنگی رێکخراوکانی لاوانی رۆژهەڵات پێکهات و پاشان ئەو لیژنەیە سەردانی زۆربەی رێکخراوەکانی لاوانی لە هەر چوار پارچەی کوردستانی کرد و دەرەنجامی سەردانەکانیشی لە سمیناری ئامادەکاری کۆنفڕانس لە سەرەتاکانی مانگی ٥ی زایینی کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، بە سەرجەم ریکخراوەکانی لاوانی هەر چوار پارچەی راگەیاند و لایەنەکانیش سەرنج و تێبینییەکانی خۆیان خستە بەرباس و لەوێدا بڕیاری گرتنی کۆنفرانس لە مانگی ٦ی زایینی لە شاری هەڵەبجەی شەهید، هاتبووە بەرباس و پەسند کردن.

جێگەی ئاماژەیە کە تا ئێستاش دوای چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لاوانی پەکەکە هیچ وڵامیک لە لایەن ئەو رێکخراوەیە نە بە لیژنەی باکوور و نە بە لیژنەی رۆژهەلات نەدراوەتەوە.

پاش ماوەیەک و لە دوایین کۆبوونەوەی لیژنەکانی ئامادەکاریی کونفڕانس لە هەر چوار پارچەی کوردستان بۆ چارەسەریی ئەم کێشەیە و دواین هەوڵدان بۆ بەشداریی رێکخراوەکان، دیسان هیچ ولامێک وەرنە گیرا و ئەوەی جێی تێڕامان بوو، پشتگیری رێکخراوی ئازادی لاوان لە لاوانی سەر بە پەکەکە و نەزۆک کردنی هەوڵەکان بۆ بەستنی کونفڕانس بوو.

جێگەی ئاماژەیە کە هۆکاری بەشداری نەکردنی رێکخراوەکانی پەکەکە، بۆ بیرۆکەی هەموو یان هیچی ئەم رێکخراوە دەگەڕێتەوە، کە هاوکاتیش بوو لەگەل گۆڕینی ئاراستەی سیاسەتی ئەم رێکخراوە لە دەوڵەتی نەتەوەیی بۆ سیاسەت کردن لە ناوخۆی تورکیە.

هەروەها دوایین هەوڵێکی زۆری لیژنەی رۆژهەڵات، لەگەڵ لیژنەی باشوور بۆ هەماهەنگی و هاوڕایی کردن کە بەداخەوەش لە لایەن سەرۆکی لیژنەی باشوور (رێکخراوی سەر بە یەکیەتیی) بە کەمتەرخەمییەکی زۆرەوە لەگەڵ لیژنەی رۆژهەڵات دەجووڵایەوە و بڕیارەکانی لیژنەی باشووریش بە لایەنی پەکەکە لە باکووری کوردستان، دەبەستەوە.

بەم شێوەیە هەوڵەکان بۆ بەستنی کۆنفرانسی نەتەوەیی لاوان بە بەشدارنەبوونی رێکخرای لاوانی سەربە پەکەکه‌و بەشێک لە لایەنەکانی باشوور پەکی کەوت و خۆلیای لاوانی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەو کۆنفڕانسە لەبار کەوت.

ئەوەی پێویستە لە کۆتایی رایبگەیەنین، جێی خۆیەتی سپاسی سەرجەم ئەو لایەن و رێکخراوانەی لە هەر چوار بەشی کوردستان بکەین، کە پشتگیری و هاوخەباتی خۆیان بۆ لیژنەی رۆژهەڵات دەربڕیبوو و خۆیان لە هەمبەر ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان، بە بەرپرسیار دەزانن و ئامادەی هەر هاوکارییەکی لیژنەی لاوانی رۆژهەڵاتن.

پەیڤی کۆتایی ئەم راگەیەندراوە ئەویە کە  بڕیار و هەڵویستەکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەلە دوایین کۆبوونەوەی خۆیاندا بڕیاریان داوه یەک هەڵویستی و یەکدەنگی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵاتی کوردستان‌بپارێزن و ئامادە نین، کۆنفڕانسی نەتەوەیی فیدای بەرژەوەندیی پارچەیەک یان لایەنێک بکرێ و ئەوەش رادەگەیەنین کەلە داهاتووشدا هیچ کۆنفڕانس و کۆنگرە یان هەر بابەتێکی نەتەوەیی هەر چوار پارچە بە بێ بەشداریی زۆرینەی لایەنەکانی رۆژهەڵات بە رەسمی ناناسین و هیچ لایەنێکیش بۆی نییە بە ناوی رۆژهەڵاتەوە، تاک لایەنانە بڕیار بدات.

هەروەک پێشتریش لیژنەی رۆژهەڵات رایگەیاندبوو، بە پێی بڕیاری سمیناری ئامادەکاری کۆنفڕانس کە بە بەشداری زۆربەی رێکخراوەکانی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەڕێوەچوو‌و لە ئەنجامی ئەو سمینارە کۆمەڵێک بڕیار پەسەند کرا، ئەوان پابەند بەو بڕیاراتانەن، یەک لەو بڕیارانە ئەوە بوو کەلە مانگی ٦ی زایینی کۆنفڕانس بەڕێوە بچێ و لە ئەگەری بەڕێوەنەچوونی لە کاتی دیاریکراو سەرجەم رێکخراوەکانی رۆژهەڵات کە ئەرکی رێکخستن و بەڕێوەبردنی چوارەمین کۆنفڕانسیان لە ئەستۆیە، رایانگەیاندوە کە دوایین کاتی دیاری کراو، کۆنفڕانس بەڕێوە نابەن.

هەروەها هۆکارەکانی بە ئەنجام نەگەیشتنی تێکۆشانی لیژنەی هاوئاهەنگیی رێکخراوەکانی لاوانی رۆژهەڵات و ئەو بەربەستانەی لەسەر بەڕێوەنەچوونی کۆنفڕانس و هۆکارەکانی بۆ بیروڕای گشتیی، رادەگەیەنن. کە بەم شێوەیە لەسەرەوە ئاماژە بە بەشێک لەو هۆکارانە کران و خرایە بە دیدی سەرجەم لاوانی کوردستان.

ئێمە وەک رێکخراوەکانی لاوانی کوردستانی رۆژهەڵات ئاواتەخوازین لە داهاتوودا هەموو رێکخراوەکانی لاوانی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستان، بە دوور لە دەمارگرژی و بەرژەوەندیی تاک رێکخراوەیی و هێژموونیخوازی، بێنە سەر ئەو باوەڕە کە لەو جۆرە هاوکارییانەدا تەنیا بەرژەوەندیی کورد بە گشتی لەبەرچاو بگرن. بەو بیرەوە رێگا بۆ هاوکاری جەمعی و هاوبەش خۆش بکەن، ئەوە بۆچوونێکە کە لاوانی رۆژهەڵات بە هەستی بەرپرسیارەتی و نیشتمانپەرەوەری، پێڕەوی دەکەن.

بژی کورد، بژی کوردستان
لیژنەی ئامادەکاریی رۆژهەڵات بۆ چوارەمین کۆنفڕانسی نەتەوەیی لاوانی هەر چوار پارچەی کوردستان
٢٥/٦/٢٠١٤