کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رێکخراوەکانی ژنانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا هێرشی تیرۆریستانیان بۆسەر کوردستان مەحکووم کرد

17:00 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: رێکخراوەکانی ژنان هەر چوار بەشی کوردستان لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا روو لە رای گشتی وێڕای پشتیوانیی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە، هێرشی تیرۆریستانیان بۆسسەر کوردستان مەحکووم کرد.

دەقی ئەو راگەیەنراوە کە نوسخەیەکی بە \'\'کوردستان میدیا\'\' گەیشتووە بەم چەشنەیە:

بۆ رای گشتی!

لە کوردستان، تەواوی پێکهاتە و ئایینەکان و بەتایبەت چینی ژنان، رووبەڕووی مەترسییەکی زۆر گەورە بوونەتەوە.

چەتە تیرۆریستەکانی داعش، دەیانەوێت دەست بەسەر ئەم خاکە پیرۆز و دێرینەدا بگرن و بیگەڕێننەوە بۆ سەردەمی تاریکایی کۆنەپەرستی.

بۆ ئەم مەبەستەش، رۆژ لە دوای رۆژ هێرش و پەلامارە دڕندەکانیان زیاتر دەکەن، ئێمە سەری رێز و نەوازش دادەنوێنین بۆ ئەو قارەمانانەی کەلە بەرخودانی بێ وێنەدا، بەرامبەر بەو چەتانە گیانیان بەخت کرد.

لە دوای رۆژئاوا و لە مانگی حوزەیراندا کاتێک چەتەکانی داعش دەستیان بەسەر موسڵدا گرت، پیلانی داگیرکردنی شەنگال و مەخموریان داڕشت.

لە دوای هێرش و پەلاماردانی خاکی پیرۆزی ئێزدییەکان، بەهەزاران کەسيان لە شنگال کوشتووە، بە سەدان کەس لە تینوێتی و لە برسان گیانیان لە دەست داوە، زیادتر لە ٢ سەد هەزار کەس لە ترسی کۆمەڵکوژی روویان لە چیای شنگال و رۆژئاوای کوردستان کردووە، دڕندەيى ئەو گرووپە بە رادەیەکە دەستدرێژی دەکەنە سەر کچ و ژنانی کورد و لە بازارەکانیان وەک کۆیلە بازرگانییان پێوە دەکرێت و دەیانفرۆشن.

پێویستە هەموومان بزانین کە ئەوان شەڕی خۆیان لەژێر ناوی ئیسلامدا دەکەن، بەڵام لە حەقیقەتدا داعش هێزێکی دژ بە ئیسلامە.

ئەم خاکە هەمیشە بیر و باوەڕ و ئایینە جیاوازەکانی لە باوەش گرتووە و لە ئێستاشدا داعش بە نیازە کوردستان داگیر بکات و بیگەڕێنێتەوە سەردەمی تاریکایی و کۆنەپەرستی.

ئەوان دەیانەوێت رەنگە جیاوازەکان، چینە جیاوازەکان، ئایین و باوەڕە جیاوازەکان لەناو بەرن و هەموویان بکەن‌ یەک رەنگ و یەک دەنگ و یەک شێوە، واتە هەوڵی لەناو بردنی تەواوی رەنگەکان دەدەن و دەیانەوێت تەنیا رەنگی رەش و تاریکیی ئاڵاکەیان بمێنێتەوە.

بە کۆمەڵکوژی وهەرجۆرە هێرشێکی دڕندانە، بە هۆڤییەتی و پەلاماری دژ بە مرۆڤایەتییان، هەوڵی لەناو بردنی چینە جیاوازەکان دەدەن.

لێرەدا ئێمە وەک نوێنەرانی ئافرەتان و ژنانی هەر چوارپارچەی کوردستان کە ئمیزاکانمان لە خوارەوە هاتووە ڕای دەگەیەنین کە:

یەکەم/ ژنانی کوردستان وەک هەمیشە ئازایانە و بە ورەی پۆڵایینەوە، ئامادەین شان بە شانی ئەو هێزانە کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان دەکەن، تێبکۆشێن و لەو پێناوەدا گیان فیدایی بکەین. سڵاو بۆ ئەو ژنانە دەنێرین کە بەرگری لە کوردستان دەکەن.

دووەم/ بە یەکگرتوویی و یەک گوتاری هەموو هەوڵ و چالاکییەکانمان بۆ خزمەتکردنی ئاوارە و لێ‌ قەوماوان و ناساندنی ئەو تاوانە بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان چڕ بکەینەوە.

سێیەم/ بانگەواز دەکەین بۆ گشت هێز و لایەنی نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆست لەو کارەساتە دڕندە مرۆیی‌یەی کە ئەمڕۆکە گەلی کوردستانی کردووەتە ئامانج، بێنە دەنگ و پاڵپشتییە مرۆیی‌یەکانی خۆیان خێراتر و فراوانتر بکەن بۆ ئاوارە و قوربانیان و رێگری بکەن لە روودانی تاوانی جینۆساید و کارەساتی گەورەی مرۆیی کە خەریکە جارێکی تر هەڕەشە لە کوردستان دەکات.
چوارەم/ ئێمەی ژنانی کوردستان تەبایی و یەکڕیزی ماڵی کورد لەو دۆخەی ئەمڕۆ کوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت لە هەر شتێکی تر بە پێویست‌تر دەزانین و لەو پێناوەشدا لە خەباتی بەردەوامدا دەبین. هەر بۆ ئەو مەبەستە داواکارین کە هیچ هێز و لایەنێک ئەو دۆخە بۆ بەرژەوەندی تەسکی سیاسی بەکارنەهێنێت، چونکە چارەنووسی هەموو گەلی کوردستان لە ژێر هەڕەشە دایە.

لە کۆتاییدا سەرکەوتن هەر بۆ گەلی کوردستانە.
١٨.٨.٢٠١٤

١ ــ رێکخراوی پێوەندییەکانی ئافرەتانی کورد (REPAK)
٢ ــ ئەنجومەنی ژنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ( کەنەکەKNK )
٣ ــ ژنانی بزووتنەوەی گۆڕان (پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان د. جوان ئيسماعيل عەزيز)
٤ ــ یەکگرتووی خوشکانی ئیسلامیی کوردستان
٥ ــ رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان RJAK
٦ ــ ئەنجومەنی ژنانی عەشتار لە کەمپی پەنابەرانی مەخموور
٧ ــ رێکخراوەێ ژنانی ئازرمێهر کوردستان RUKN
٨ ــ يەکیەتیی ژنانى دێموکراتى کوردستانى ئێران
٩ ــ کۆمەڵەى ژنانى رۆژهەڵات
١٠ ــ رێکخراوی ئافرەتانى خەباتى کوردستان
١١ ــ ئاسۆی ژنی کورد
١٢ ــ رێکخراوی ژنانی رۆژئاوای کوردستان (یەکیەتییا ستار) لە باشووری کوردستان
١٣ ــ ئەنجومەنی ژنانی پارتی ئاشتی و دێموکراتی (بەدەپە) لە باشووری کوردستان
١٤ ــ کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان KMMK
١٥ ــ چنار سەعد عەبدوالله/ ئەندام لە گرووپی ئاشتی ژنانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان
١٦ ــ مەیان خەیری بەگ/ بووکی سەرۆک رۆحانی ئێزیدی/ میر تەحسین بەگ
١٧ ــ د. رابيعە خانەقين چالاکوانی مافی مرۆڤ
١٨ ــ نەجیبە عومەر ئەحمەد/ هاوسەرۆکی پارتی چارەسەری دێموکرات
١٩ ــ جەمیلە سالح/ رێکخراوی مافی مرۆڤ نێونەتەوەیی UNAMI
٢٠ ــ ڤيان دزەیی/ ئەندامی يەکیەتیی پارلمانتاران
٢١ ــ کەژاڵ ھادی/ جێگری سەرۆکی لیژنەی داکۆکی کردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پارلمانی کوردستان
٢٢ ــ بەڕێز عومەر/ چالاکوانی کۆمەڵَگای مەدەنی
٢٣ ــ کانياو بايز/ ئەندامى سکرتاریەتی کۆمەڵەی ئافرەتانى کوردستان – عێراق
٢٤ ــ ناسکە عجیل ئیسماعیل/ چالاکوانی ژنان و بەرپرسی رێکخراوی گەشەپێدانی ژینگەیی
٢٥ ــ د. ڤیان سلێمانی/ یەکیەتیی ئافرەتانی کوردستان