کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

رەوتی هەڵکشانی رێژەی تووشبوان بە نەخۆشیی ئایدز لە پارێزگای سنه

20:35 - 7 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: لە پارێزگای سـنە هەنووکە نزیک بە ٥٠٠ کەس تووشبوو بە ڤایرووسی ئایدز هەیە و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مانگانە ٢ هەتا ٣ کەس بەو ئامارە زیاد دەبێت.

هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان لە زاری جێگری تەندروستی پارێزگای سـنەوە بڵاویان کردەوە کە هەنووکە نزیک بە ٥٠٠ کەس لەو پارێزگایە تووشی نەخۆشیی ئایدز بوونه و ئەوەش لە حاڵێکدایە کە مانگانە ٢ هەتا ٣ کەسی دیکە بە ئاماری تووشبوان بە نەخۆشی ئیدز لەو پارێزگایە زیاد دەبێت.

بەپێی لێکۆلێنەوەکان زیاترین هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز، پێوەندیی جینسیی ناتەندروست و تەزریق بە سورەنگی هاوبەش لە نێو کەسانی تووشبوو بە مادەسڕکەرەکان بووە.

لە وڵاتی ئێران بە گوێرەی ئامارێکی نافەرمی کە بڵاو کراوەتەوە لانیکەم زیاتر لە یەک سەد هەزار کەس تووشی نەخۆشیی ئایدز بوونە کە زۆربەی تووشبوون بە ڤایرۆسی HIV لە رێگای ماددەسڕکەرەکان، مەوادی سەنعەتی و حەبی رەوان گەردان بووە.

ئەو ئامارەی رێژیمی ئێران لە حاتێکدایە کە زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشیی ئایدز بوونە بە نەخۆشییەکەیان نازانن.

هەواڵدەریی ئیسنا بڵاوی کردەوە، رێژەیەکی زۆری منداڵانی سەرشەقام لە رێگای دەستڕێژی سێکسی تووشی نەخۆشیی ئایدز دەبن و هەروەها مێرمنداڵان لە وڵاتی ئێران لە رێگای بەکارهێنانی ماددەسڕکەرەکانەوە تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن.

بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی بێهداشتی رێژیم بڵاو کراوەتەوە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا نزیک بە ٢٧ هەزار و ٨٨٨ کەس لە ئێران تووشی نەخۆشیی ئایدز بوونە کە لەو رێژەیە نزیک بە لەسەدا ٨٨ پیاو و نزیک بە لەسەدا ١١ ژنان دەگرێتەوە.

لە وڵاتی ئێران بەهۆی نەبوونی بنکە و ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ ئاگادار کردنەوەی هاووڵاتییان لە نەخۆشیی ئایدز و هەروەها هەوڵ نەدان بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەیەکی شیاو بۆ پێشگیری لە پێوەندییە سێکسییە ناتەندروستەکان بووەتە هۆی ئەو کە ساڵانە رێژەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان لە ئێران تووشی نەخۆشیی ئایدز بن.