کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

زیادبوونی رێژەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ، ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە

17:29 - 31 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی خرابیی رێگەوبان و زیادبوونی ئاماری قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ، هاووڵاتییان بە داخستنی رێگای \'\'دوڵبەران ــ قوروە\'\'، ناڕەزایەتیی خۆیان لەهەمبەر ئەو دۆخە دەربڕی.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، دوێنی هەینی رێکەوتی ٣٠ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە رێگای دولبەران ــ قوروە، ٦ هاووڵاتی کە ٣ کەسیان منداڵی ساوای خوار تەمەن شەش ساڵ بوون، گیانیان لە دەست دا و ٢ کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون، ئەمەش ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی کوردی لەو ناوچەیە لێ کەوتەوە.

ئەو رووداوە بەهۆی پێکدادانی دوو ئۆتۆمبێلی جۆری پیکان و ترەیلییەک رووی داوە.

خەڵکی دولبەران لەهەمبەر خرابیی رێگەوبان و زیادبوونی رێژەی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ بەهۆی هاتوچۆی ماشینە قورسەکان بۆ کانزاکانی ئەو ناوچەیە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر رێگاکەیان داخست.

ناستانداریی و نا ئەمن بوونی رێگاکانی کوردستان و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئیسلامیی ئێران لەمەڕ نۆژەنکردنەوەی و پێڕاگەیشتن بە شوێن و خاڵە هەستیارەکانی رێگاکان، لە هۆکارەکانی زیادبوونی قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆن.

بەرپرسانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ساڵانە پاش روودانی هەر رووداوێکی دڵتەزێن و نەخوازراو، بە دانی بەڵێنیی زریقەدار لە هەوڵی ئارامکردنەوەی هاووڵاتییان دان هەتا هیچ چەشنە ناڕەزایەتییەک لە دژیان بەڕێوە نەچێت.

هاووڵاتییان لەو بڕوایە دان، رێژیمی ئیسلامیی ئێران چالاکی و خزمەتگوزارییەکانی بە خەڵکی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی دروشم و بەڵێنیدا قەتیز کردووتەوە و لە کردەوەدا هیچ چەشنە هەنگاوێکی هەڵنەهێناوەتەوە.