کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمیناری \'\'مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران\'\' لە نوروێژ بەڕێووەچوو

19:57 - 7 رێبەندان 2713

کوردستان میدیا: سمینارێک بۆ عیرفان رەهنموون، چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە ترۆندهایم بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٦ی رێبەندانی ١٣٩٢ی هەتاوی، سمینارێک لەژێر ناوی \'\'مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران\'\' بۆ عیرفان رەهنموون چالاکی سیاسی و ئەندامی پێشووی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکرات بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردانی دانیشتووی ناوچەی ترۆندهایم لەلایەن کۆمیتە حیزبی دێموکراتەوە پێکهات.
سەرەتای سمینارەکە بە سروودی نەتەوەیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
پاشان عیرفان رەهنموون لە باسێکی شیکاریدا مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لە سەرەتای دامەزرانی \'\'کۆمەڵەی ژێ کاف\'\'ەوە هەتا ئێستا باس کرد و ئاماژەی بە هۆکارە ناوچەیی و جیهانییەکانی کاریگەر لە دامەزرانی ئەو حیزبە و هەروەها پێویستیی دامەزرانی کۆماری کوردستانی لەو سەردەمەدا کرد.
رەهنموون قۆناغەکانی حیزبی لێک جیا کردەوە و بە شێوەیەکی زانستییانە خاڵە ئەرێنی و نەرێنییەکانی قۆناغەکانی حیزبی شرۆڤە کردن. باس لەسەر کەسایەتی و بیرۆکەی رێبەرانی شەهیدی ئەو حیزبە و کاریگەرییان لەسەر ئەندێشەی سیاسیی ئەو حیزبە بڕگەیەکی دیکەی باسەکەی ناوبراوی پێکهێنابوو.
مێژووی ئینشەعاب و لێکدابڕان و هۆکارەکانی و هەروەها چۆنییەتی روودانی ئەو ئینشەعابانەی بەشێکی دیکەی باسەکەی ئەو چالاکە سیاسییە لەو سمینارەدا بوو.
بەشدارانی ئەو سمینارە کۆمەڵێک پرسیاریان لەسەر کۆماری کوردستان و مێژووی حیزب و ئینشەعابەکان لەو حیزبەدا ئاراستەی رەهنموون کرد و لەلایەن ناوبراوەوە وەڵام درانەوە.