کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سمینارێک سەبارەت بە پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی بلژیک بەڕێوەچوو

15:27 - 9 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: سمینارێک سەبارەت بە پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ بەڕێز \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب، لە وڵاتی بلژیک بەڕێوەچوو.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'، رێکەوتی ٧ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ــ بلژیک، سمینارێکی بۆ بەڕێز \'\'لوقمان ئەحمەدی\'\' ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزب لە دەرەوەی وڵات، پێکهێنا.
سمینارەکە بە سروودی نەتەوایەتیی \'\'ئەی رەقیب\'\' و راگرتنی خولەکێک بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان، دەستی پێکرد.
پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پاش کۆنگرەی ١٥ لەگەڵ حیزب و رێکخراوە کوردییەکان بەتایبەت لە کوردستانی رۆژهەڵات و هاوخەباتی و هاوکاری لەگەڵ ئەو هێزانە وەکوو پێویستییەک و کار کردن بۆ تەبایی و یەکگرتوویی زیاتری هێز و لایەن سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، پێوەندی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هەروەها پێوەندییە نێونەتەوەیی‌یەکان، کۆمەڵە باسێک بوون کە لەلایەن \'\'ئەحمەدی\'\'یەوە باسیان لێوە کرا.


بەرپرسی پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو سمینارەدا وتی: \'\'تەبایی و یەکڕیزی دەبێتە هۆی ئەوەی کە ورە و رۆحیەی خەڵک بەرز بێتەوە و قورسایی حیزبەکان لە ناوچەکەدا زیاتر بپارێزرێت و هاوکاری و هاوئاهەنگیی حیزبەکانی کوردستانی رۆژهەڵات لە ئاستی نێونەتەوەییدا رەنگدانەوەی دەبێت\'\'.
لوقمان ئەحمەدی وێڕای ئاماژە بە پێداگریی حیزبی دێموکرات بە هاوپێوندی و یەکڕیزیی هێزەکانی کوردستان، پڕژایە سەر ئەوەش کە حیزبی دێموکرات وەکوو ستراتیژییەکی گەورە دەڕوانێتە یەگرتوویی و یەکیەتیی نێوان هێزە سیاسییەکان لە کوردستانی رۆژهەڵات و لەو پێناوەشدا ئامادەی هەرچەشنە هاوکاری و هاوڵدانێکە.
کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، تەوەرێکی دیکەی باسەکانی ئەحمەدی بوو کە لەو پێوەندییەدا وتی: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆنگرەی نەتەوەیی بە پرسێکی گەورەی نەتەوەی کورد دەزانێت و بۆ سەرخستنی ئەو کۆنگرەیە ئامادەی هەموو جۆرە هاوکارییەکە.
تەوەرێکی دیکەی باسەکان بۆ پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەگەڵ ئوپۆزیسیۆنی ئێران، تەرخان کرابوو. لەو پێوەندییەدا ئەحمەدی گووتی: حیزبی دێموکرات هێز و رێکخراوە سیاسییەکانی نەتەوەکانی ئێران بە هاوپەیمانی ستراتێژیکی خۆی دەزانێت و لە پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکەی ئێران، بە تایبەت لە رێگای کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵەوە، هەوڵ دەدات پرسی فیدراڵیزم و پرسی نەتەوەکانی ئێران لە کۆڕ و کۆبوونەوە و تەنانەت لە نێو سیاسەتی ئوپۆزیسیۆنی ئێراندا جێگر بکات کە دژایەتییان لەگەڵ ئەم پرسانەدا هەیە و لەم پێناوەدا بە جیددی کار دەکات.
بەشی کۆتایی باسەکەی لوقمان ئەحمەدی، بۆ پەیوەندییەکانی حیزب لەگەڵ رێکخراوە نێونەتەوەییەکان لە وڵاتانی دەوەرە تەرخان کرابوو.
ناوبراو ئاماژەی بە هەبوونی پێوەندیی بەرینی حیزبی دێموکرات لەگەڵ رێکخراو و حیزبەکانی وڵاتانی بیانی کرد و وتی: نابێ بەو رادەیە لە پێوەندییەکان رازی بین و پێویستە پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لەگەڵ هێز و رێکخراو و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان و وڵاتان، بەرینتر بکەین، تاوەکوو پرسی کورد و نەتەوەکانی ئێران، زیاتر بەوان بناسێنین.