کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سنووری مێهران لە پارێزگای ئیلام بەهۆی نزیکبوونەوەی داعش داخرا

17:59 - 26 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی هێرشی هێزەکانی داعش بۆسەر ناوچە جۆراوجۆرەکانی عێراق و بە تایبەت ناوچە سوننی‌نشینەکان، سنووری مێهران بۆ ماوەیەکی نادیار داخرا.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیلام، بەهۆی جێگیربوونی هێزەکانی گرووپی تیرۆریستیی داعش ناسراو بە \'\'دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام\'\' لە پارێزگای دیالە و نزیکبوونەوەی له سنوورەکانی ئێران، هاتوچۆی هاووڵاتییان لە سنووری مێهرانەوە راگیرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە، هاتوچۆی هاووڵاتییان لەو سنوورەوە قەدەغە کراوە و تەنیا بازرگانان ئیزنی هاتوچۆیان پێ دراوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ترسی هاتنی داعش بۆ نێو خاکی ئێران، سنوورەکانیان تەنیوە.

سنووری نێودەوڵەتیی مێهران لە ٩٠ کیلۆمیتریی باشووری شاری ئیلام هەڵکەوتووە و لە ساڵی ٨٢ بە فەرمی کراوەتەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە کە رێژیمی ئێران لە چەند رۆژی رابردوودا هێزێکی زۆری بە مەبەستی بەرەنگاری داعش و پاڵپشتیی سپای تێکڕووخاوی عێراق لە سووریەوە رەوانەی عێراق و بەتایبەت شاری بەغداد کردووە. هەروەها ٢ هەزار چەکداری دیکەش لە چەند رۆژی رابردوودا رەوانەی خانەقین لە پارێزگای دیالە کراون.

پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستیی داعش و تێکشاندن و پاشەکشەی هێزەکانی سپای عێراق لە ناوچە دابڕاوەکانی هەڕێمی کوردستان، ئەو ناوچانە کەوتنەوە دەستی پێشمەرگە و هەنووکە زۆربەی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان و لەوانە پاریزگای کەرکووک لە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگە دایە.