کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد

14:54 - 15 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، هەیئەتێکی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد.

هەیئەتی حیزبی دێموکرات لەو سەردانەدا لە لایەن کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی و هەیئەتێکی ڕێبەریی یەکیەتیی نیشتمانییەوە بە گەرمی پێشوازییان لێکرا.

لەو سەردانەدا سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات خۆشحاڵی خۆی بۆ باشتربوونی تەندرووستیی ناوبراو دەربڕی و لە سەر هەر دوو بەشی کوردستان و هەنگاوەکانی حیزب نیسبەت بە لێک نزیکبوونەوەی ٥ هێز و لایەنی سیاسی و پێکهێنانی ناوەندیی هاوکاریی هێزەکانی کوردستانی ئێران و هەروەها دۆخی ڕێژیمی ئێران و خۆپیشاندانی شارەکانی کوردستان و ئێران گفتوگۆیان کرد.