کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی شاندی یەکیەتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات لە دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

15:22 - 27 رێبەندان 2714

کوردستان میدیا:سکرتێری گشتیی نێونەتەوەیی لاوانی سوسیال دێموکرات بە هاوڕێیەتی نوێنەرایەتی لاوانی سوسیال دێموکراتی جیهانی عەرەب و لاوان و خوێندکارانی یەکیەتی نیشتمانیی کوردستان و لاوانی تەڤدەم لە رۆژئاوای کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیان کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ٢٦ی رێبەندانی ١٣٩٣ی هەتاوی، خاتوو ئەڤین ئینجەر سکرتێری گشتی یەکیەتی لاوانی سوسیال دێموکرات بە هاوڕێیەتی شاندێکی لاوان و خوێندکارانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان بە سەرپەرەستی هێمن عەمید و سەرتیپ عەلی سکرتێری هەر دوو رێکخراو و نوێنەرانی یەکیەتی لاوانی سوسیال دێموکرات لە جیهانی عەرەب و لاوانی تەڤگەری دێموکراتیک لە رۆژئاوای کوردستان سەردانی دەفتەری سیاسی حیزبی دێموکراتیان کرد و لەلایەن هەیئەتێکی حیزب بە سەرپەرەستی مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزب پێشوازییان لێکرا.

سەرەتا ئەڤین ئینجەر باسێکی سەبارەت بە دوایین کۆنفڕانسی لاوانی سوسیال دێموکرات لە سلێمانی کرد و راپۆرتێکی لەو بارەوە پێشکەش بە سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات مستەفا هیجری کرد و هەروەها بە نوێنەرایەتی شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سکرتێری گشتی حیزبی دێموکرات مستەفا هیجری و دەفتەری سیاسی حیزب دەربڕی.

دواتر مستەفا هیجری سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای بەخێر هاتنی شاندی میوان، باسێکی لە بارەی حیزبی دێموکرات و کار و چالاکییەکانی پێشکەش کرد.

لەو سەردانەدا لە نێوان بەشداران لەسەر پرسەکانی کورد و ناوچەکانی جیهانی عەرەب و پرسە نێونەتەوەییەکان، ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا.

لەو دیدارەدا بەرپرسانی هەر سێ رێکخراوی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئامادە بوون.

لە کۆتایی دیدارەکەدا هیجری وێڕای پێداگری لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەی کورد، پێداگری لەسەر ئەو بابەتە کرد کە نەوەی نوێ بە ئەزموون وەرگرتن لە هەڵەکانی رابردوو بتوانن پێکەوە وێڕای رێزدانان بۆ بیر و باوەڕی جیاوازی یەکتر، لە رووی خاڵە هاوبەشە نەتەوایەتیەکان کە زۆر زیاتر لە جیاوازییە فیکرییەکان کۆ ببنەوە بە کاری هاوبەش سەرنجی رێکخراوە ناوچەیی و نێونەتەوەییەکان بۆ لای پرسی کورد رابکێش.

دیدارەکەدا بە سوپاس و پێزانینی شاندی میوان لە پێشوازیی گەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کۆتایی پێهات.

گادەر. د