کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاگری ئیسماعیل نژاد: کانادا بە ئاگاداریی بریتانیا سپای خستۆتە نێو لیستی تێرۆرەوە و پێدەچێت بریتانیاش هەنگاوی هاوشێوە هەڵگرێ

01:20 - 12 پووشپەڕ 2724

ئاگری ئیسماعیل‌نژاد: کانادا بە ئاگاداریی بریتانیا سپای خستۆتە نێو لیستی تێرۆرەوە و پێدەچێت بریتانیاش هەنگاوی هاوشێوە هەڵگرێ

 

وتووێژ: شەهرام سوبحانی

ئاماژە: سپای پاسداران زیاتر لە چوار دەیە وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لە ئێران و دەرەوەی ئێران خەریکی کردەوەی دژە مرۆڤییە و لەم پێناوەدا سەدان جینایەت و تاوانی لە کارنامەی ڕەشی خۆیدا تۆمار کردوە. بەڵام بە خۆشحاڵییەوە لەم ساڵانەدا هەوڵەکانی کۆمەڵگەی جیهانی بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپا وەک ڕێخراوێکی تێرۆرسیتی بێ ئاکام نەبووە کە تازەترینیان دوو حەتووی ڕابردوو بوو کە چاوەری ئەوەش بووین کە وڵاتی کانادا سپای بە فەرمی وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناساند. لە درێژەی ئەم وتووێژدا کۆمەڵێک پرسیارمان سەبارەت بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لەلایەن وڵاتی کاناداوە هێناوەتە بەرباس کە بۆ وڵامدانەوەیان داوامان لە زۆر بەڕێز کاک " ئاگری ئیسماعیل نژاد"، ڕۆژنامەنووس کردوە تا لەم بارەوە زانیاری زیاترمان پێ بدا.

کاک ئاگری ناساندنی سپای پاسداران وەک ڕێکخراوێکی تێرۆریستی لەلایەن دەوڵەتی کاناداوە دەتوانێ چ کاریگەرییەکی لەسەر پێوەندییەکانی ئێران لە دەرەوە هەبێت؟

بۆ وڵامی ئەو پرسیارە دەبێت چەند خاڵمان لەبەر چاو بێت:

ئا: ئێران وڵاتێکی ئاسایی نییە و وەکوو وڵاتێکی گێرەشێوین لە دنیادا دەناسرێ و ئەوەش وای کردوە پەراوێز بێت و دەیان گەمارۆی جۆراوجۆری لەسەر بێت.

بێ: ئێران تێرۆریسمی دەوڵەتی وەکوو ئامرازێک لە پەیوەندی نێودەوڵەتی‌دا بەکار دێنێ.

سێ: ئێران وڵاتی کانادا و ئابووری کانادا وەکوو دەروازیەک بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان بەتایبەتی گەمارۆی ماڵی بەکار دێنێ.

کاتێ ئەو سێ گریمانەیە لەبەر چاو دەگرین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە که بە تێرۆریست ناساندنی سپا لەلایەن کاناداوە کارتێکەری جیاوازی لەسەر ئێران دەبێت، ئەو کارتێکەرییانە بریتن لە:

١: کارتێکەری ئابووری بەرینی دەبێت، چون دەیان ناوەندی ماڵی لە کانادا خەریکی پوول سپی کردنەوە بۆ کۆماری ئیسلامی و سپای پاسدارانن.

٢: کارتێکەری لەسەر بەرنامەی مووشەکی و درۆنی کۆماری ئیسلامی دەبێت، چون دەرکەوتووە که دەیان تیکە لە مووشەک و درۆنی سازکراوی سپا لە کانادا بەرهەم دێت یان لە ڕێگای بازاڕی کاناداوە دابین دەکرێت.

٣: لە ڕووی سیاسییەوە کارتێکەری بەرینی هەیە، چون سپا هێزێکی فەرمی کۆماری ئیسلامییەوە و کاتێ بە هێزێکی تێرۆریستی دەناسرێ مانایی ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە سیاسییە کە سپا بەڕێوەی دەبات دەسەڵاتێکی جێگای بەقا و باوەڕ نییە و بۆیەش لەگەڵ دەسەڵاتی وا هەر چەشنە گرێبەستێکی ئابووری، سیاسی هەڵەیە.

٤: کارتێکەری ڕاستەوخۆی لەسەر پەیوەندی ئابووری ئاشکرای نێوان کانادا و ئێران دەبێت و کارتێکەری لەسەر گرێبەستی ئابووری لە داهاتووشدا دەبێت، بەگشتی دەتوانین بڵێن هەتا سپا لە لیستی تێرۆری کانادا دەرنەچێ هەر چەشنە گرێبەستێکی ئابووری لەلایەن کۆمپانییە کاناداییەکان لە ئێران جۆرێک مەترسییە و بۆیەش هیچ کۆمپانییەک خۆ لە قەرەی نادا کە وایە ئابووری ئێران ئیزۆلە‌تر دەبێت.

ئایا ئەم هەوڵەی کانادا دەتوانێ ببێتە هۆی ئەوەیکە وڵاتانی ئورووپاش سپای پاسداران بخەنە لیستی تێرۆرەوە؟

بە گشتی نا، شێوازی سیاسەتی ئورووپا لەگەڵ ئێران شێوازێکی تایبەت بە خۆییەتی و ئورووپا لەبەر هێندێ کێشەی وەکوو ئیسلامی سیاسی، پەنابەر و تەناهی وزە زیاتر لەوەی دژ بە ئێران ڕاوەستێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی هەڵدەکات. بۆیەش ئەو سیاسەتەی کانادا کارتێکەرییەکی لەسەر سیاسەتی یەکیەتیی ئورووپا نابێ، بەڵام بێ گومان کانادا بە ئاگاداری بریتانیا سپای خستۆتە نێو لیستی تێرۆرەوە و پێدەچێت بریتانیاش هەنگاوی هاوشێوە هەڵگرێ بەڵام یەکیەتیی ئورووپا ئەو ئاراستەیە ناگرێتە بەر.

 ئایا ئەم بە تێرۆریست ناساندنە تەنیا لە چوارچێوەی نووسراوەیەک دەمێنێتەوە یان کردەوەشیان بە نیسبەت کۆماری ئیسلامی دەبێت؟

به هۆی سەرەوەری قانون لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەگەر لایەنێکی سیاسیش لە کانادا باوەڕی بە تێرۆریست بوونی سپا نەبێ، ناتوانێ لەو قانوونە لادا، بۆیە ناتوانین بڵێن هەر لەسەر کاغەز دەمێنێتەوە، بەڵام بێ‌گومان بۆ بەڕێوەچوونی ئەو قانوونە بودجه، کات و هێزی دەوێت و لاوازبوونی هەر کام لەوانە دەتوانێ بەڕێوەچوونی قانوونەکە لاواز بکات.

 ئەو لایەنانەی بە تایبەت ئەوانەی کە هەڵگری ئیدئۆلۆژی ئێرانیزمن بۆچی دژ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسدارانن؟

ئێرانییەکان بە تایبەتی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی هیچ ڕێکخراوە و تەشکیلاتێکیان بۆ دژایەتی کۆماری ئیسلامی یان بۆ بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە ئێران تەنانەت لە قۆناغی بۆشایی دەسەڵاتیش بەدەستەوە نییە، ئەوان بەتایبەتی لایەنی وەکوو ڕەزا پەهلەوی پێگەی جەماوریشان لەگەڵ خواستی سیاسیان نایەتەوە، لەبەر ئەو هۆکارانە پێیان وایە سپای پاسداران لە کاتی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی دەتوانێ ببێتە هێزی ئەوان و ئەوان هێزی سپا بۆ ئامانجی سیاسی خۆیان بەکار بێنن. کوردی و کورتی بۆیە پێیان ناخۆشە سپا بچێتە لیستی تێرۆرەوە چون دەیانەوێ لەداهاتووی پاش کۆماری ئیسلامی سپا وەکوو هێزی سەرکوتی نەتەوەکان بەتایبەتی نەتەوەی کورد بەکار بێنن.

کاک ئاگری سپاس بۆ بەشداریت و  ماندوو نەبیت

سپاس ئێوەش ماندوو نەبن.