کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دادگاییکردنی ٨ خۆپیشاندەری دەسبەسەرکراو

12:39 - 11 پووشپەڕ 2724

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان ٨ کەس لە هاووڵاتییە ناڕازییەکان و خۆپیشاندەرانی شۆڕشی ژینا ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی پووشپەڕ بە تۆمەتگەلی قورس لە دادگای ئینقلابی ڕێژیم دادگایی کراون و ئه‌گه‌ری سه‌پاندنی سزای قورس به‌ سه‌ریاندا هه‌یه‌.

بە پشتبەستن بەو زانیارییە بڵاوکراوانە، ئەو هەشت کەسە لەلایەن ئیمان ئەفشاری، بەرپرسی لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران دادگایی کران و لە نێویاندا نەسیم غولامی سیمیاری و حەمیدڕەزا سەهلابادی ڕووبەڕووی تۆمەتی وەک "ڕاپەڕینی چەکداری دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران (بەغی)" بوونەتەوە کە دەتوانێت ببێتە هۆی سەپاندی سزای قورستری وەک لەسێدارەدان.

لەم دانیشتنەی دادگادا، نەسیم غوڵامی سیمیاری هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە کە ئاراستەی کرابوون و ڕایگەیاند، ئەو دانپێدانانه‌ زۆرەملێیانەی لەژێر گوشار و ئەشکەنجەی توند لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و بە ڕاگرتنی درێژخایەنی لە ژووری تاکەکەسیدا لێ وەرگیراوە.

هەروەها بڵاو کراوەتەوە کە بەناو دادوەر ئەفشاری و نوێنەری داستانی گشتی بەتوندی مامەڵەیان لەگەڵ ناوبراودا کردووە، و گوشاری دەروونیان خستۆتە سەری و سووکایەتییان پێ کردووە و پێیان وتووە تۆمەتەکەت بەغییە و سزاکەشت ڕوونە.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەو خۆپیشاندەرانەوە بڵاو کراوەتەوە، شەش هاووڵاتیی دیکەی ئەو دۆسییەیە بە تۆمەتی جۆراوجۆر وەک "ئەندامبوون لە گرووپێکی یاغییەکان، کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بۆ ئەنجامدانی تاوانێک دژ بە ڕێژیم، پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامی، تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی تۆمەتبار کراون بەڵام تا ئێستا تۆمەتی بەغی لە دۆسییەی ئەواندا نییە.

هەروەها لەکۆتایی دانیشتنی دادگاییکردندا، دادوەر بەو هاووڵاتییانە و پارێزەرەکانیانی ڕاگەیاند کە دانیشتنی دادگا و پڕۆسەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکانیان کۆتایی هاتووە و بەم نزیکانە بڕیار و سزاکەیان ڕادەگەیێنین.