کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەردانی نوێنەری حێزبی دێموکرات له ئاڵمان، لە دەفتەری سەرەکیی پارتی دێموکرات مەسیحیی ئەو وڵاتە

12:43 - 27 خەزەڵوەر 2713

کوردستان میدیا: هیوا بەهرامی نوێنەری حیزبی دێموکرات له ئاڵمان سەردانی دەفتەری سەرەکیی پارتی دێموکرات مەسیحیی ئاڵمانی کرد و لەگەڵ بێرتیل وێنگێر، بەرپرسی کاروباری نێونەتەوەیی ئەو پارته دیداری کرد.


بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، لەم چاوپێکەوتنەدا نوێنەری حیزب چەند بابەتێکی سەبارەت به کوردستان و ئێران خستە بەر باس و سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی لەمەڕ ئەو بابەتانه شی کردەوه.
پرسی قەیرانی نێوان رۆژئاوا و رێژیمی ئێران و وتووێژەکانی نێوان هەردوولا له ژێنێڤدا لەو تەوەرانە بوون که باسیان لێوە کرا. هەر لەم پێوەندییەدا باسی هاتنەسەرکاری دەوڵەتی رووحانی و سیاسە‌ته ناوخۆیی و دەر‌کییەکانی ئەم دەوڵەته کەوتنه بەر باس.
لەم دیدارەدا نوێنەری حیزب باسی له سێدارەدانی ئەم دوایی‌یانەی چەندین بەندکراوی سیاسی کوردی له کوردستانی ئێراندا کرد و ئەم کردەوەیەی وەک درێژەدانی سیاسەتەکانی سێ دەیەی پێشووی رێژیمی ئێسلامی بەرانبەر به نەتەوەی کورد له ئێراندا باس کرد.