کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ سەر ئاژەڵی بارهەڵگری کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی رێژیمەوە بە کوشت چوون

15:01 - 2 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە دوو شوێنی جیاجیادا لە سنووی نێوان هەرێمی کوردستان و پارێزگای کرماشان، ١٢ سەر ئاژەڵی بارهەڵگری کۆڵبەرانی کورد بە کوشت چوون.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هێزە ئینتزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جێگیر لە پاسگای شۆشمێ ئیوارەی رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ، هێرشیان کردە سەر کاروانی کۆڵبەرانی کورد لە سنووری نەوسوود و تەقەیان لە کۆڵبەرانی کرد.

هاووڵاتییەکی ئەو ناوچەیە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: لەو هێرشەدا هێزە ئینتزامییەکان ١٠ سەر ئاژەڵی بارهەڵگریان بە بارەکانیانەوە زەوت کردووە و پاشان کوشتوویانن.

ئەو هاووڵاتییە وتیشی: باری ئەو هاووڵاتییانە کە لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە زەوت کراوە، ٥٠٠ هەتا ٦٠٠ میلیۆن تمەن خەمڵێنراوە.

لەلایەکی دیکەوشەوە هێزەکانی ئیدارەی حەفازەتی ئیتلاعاتی سەوڵاوا لە پارێزگای سنە، رێکەوتی ٣١ی پووشپەڕ لە شوێنیک بەناوی \'\'نوەیجەڕ\'\' سەربە شارستانی پاوە لە پارێزگای کرماشان، تەقەیان لە کۆڵبەران کردووە.

لەو دەستڕێژییەدا ٢ سەر لە ئاژەڵی بارهەڵگری دوو هاووڵاتیی هەرێمی کوردستان بەکوشت چوون.

ئەو دوو هاووڵاتییە کوردە خەڵکی گوندی \'\'دەرەی مەڕ\'\'ی سەربە هەرێمی کوردستان بوون.

هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران و بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان، بەهۆی بێکاری و نەبوونی داهات، بە ناچاری روو لە کاری پڕ مەترسیی کۆڵبەری دەکەن و بەهۆی هێرشی هێزەکانی رێژیم، ساڵانە تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر دەبن و زۆربەی جارەکانیش کوژراو و برینداریشیان لێ دەکەوێتەوە.

تەقەی هێزەکانی رێژیم لە کۆڵبەران لە کاتێک دایە کە زۆربەیان کارتی تایبەتیی کۆڵبەرییان لەلایەن خودی رێژیمەوە بۆ دەرچووە، بەو حاڵەش رێژیم لە کوشتوبڕی کۆڵبەران و سامانەکەیان خۆ نابوێرێ.