کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەقز/ نیگەرانیی رێژیم لە پێشوازی بەرینی خەڵک سەبارەت بە کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بۆ ئاوارەکانی شنگال

23:48 - 29 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە هەوڵی پێشگیری لە چوونی هاووڵاتییان بۆ کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال دان، بەڵام ئەو هەوڵەی رێژیم بێ ئەنجام بووە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا بە وەڕێخستنی کەمپەینەکانی کۆکردنەوەی یارمەتی نەختی و پێداویستی بۆ ئاوارەکانی شنگال، هاووڵاتییانی شاری سەقز ئەم کەمپەینانەیان بەشێوەی خۆڕسک بەڕێوە بردووە و کە لەلایەن خەڵکی ئەو شارە پێشوازیی لێ کراوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە پێشوازیی بەرین و بەرچاوی خەڵکی ئەو شارە بووەتە هۆی تووڕەی رێژیمی ئێران و هەنووکە دەزگای ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە هەوڵی ئاژاوە نانەوە لە نزیک ئەو کەمپەینانە دایە.

لەو پێوەندییەدا هاووڵاتییەک بە هەواڵنێری کوردستان میدیای راگەیاند: هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم پێش بە رووماڵکردنی پێشوازیی بەرینی خەڵک لەو کەمپەینانەی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال لەلایەن کاناڵە تەلەڤزیۆنەکانەوە دەگرن.

ئەو هاووڵاتییە هەروەها رایگەیاند: یەکێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئیسلامی، قەدغەکردنی زمانی کوردی لەسەر پلاکارد و تابلۆکانی بانگەوازی کۆکردنەوەی یارمەتیی ئاوارە کوردەکانی شنگال بۆ ئەو کەمپەینانە بووە.

هەروەها هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە شوێنی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان بەردەوام لە هاتوچۆ دان و فیلم لە هاووڵاتییان هەڵدەگرنەوە.

راپۆرتەکان لە شاری سەقز باس لەوە دەکەن کە خەڵک پێشوازییەکی بەرینی لەو هەڵمەتە کردووە و بەپێی ئەو ئامارانەی کە هەتا ئێستا بە ماڵپەری کوردستان میدیا گەیشتووە، بڕی ٧٤٠ میلیۆن تمەن پارەی نەختی و کەلوپەلی دیکە بۆ کوردە ئاوارەکانی شنگال کۆ کراوەتەوە و هەنووکە سەرەڕای ئەوە کە کاتی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان کۆتایی پێهاتووە، بەڵام بەردەوام یارمەتی نەختی و پێداویستی لەلایەن خەڵکەوە کۆدەکرێتەوە.

بەپێی ئەم راپۆرتە لەو رێژەیەدا، ٤٠ میلیۆن تمەنی پارەی نەختی و بڕی ٧٠٠ میلیۆنیشی کەلوپەلی دیکە راگەیەنراوە.

بڕیارە ئەو یارمەتییانە بە زووترین کات بگاتە هەرێمی کوردستان و بەدەستی ئاوارەکانی شنگال دەکات.

لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوودا پاش هێرشی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆسەر هەرێمی کوردستان و گەمارۆدانی شنگال لەلایەن ئەو گرووپە چەکدارە و ئاوارەبوونی کوردەکانی شنگال، چەندین کەمپەین بۆ یارمەتی بە کوردە ئاوارەکانی شنگال لە ژێرناوی ئێمە هەموو شنگالین و شنگال تەنیا نییە لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی ئێران رێک خران.

هاووڵاتییانی شارەکانی، بۆکان، مەهاباد، پیرانشار، رەبەت، شنۆ، بانە، سەقز، دیواندەرە، سنە، مەریوان، سەوڵاوا، کرماشان، کامیاران، سەلاس باوەجانی، پاوە، نودشە، روانسەر، جوانڕۆ، بیجار و هەروەها دانیشتوانی زۆربەی گوندەکانی کوردستان وەکوو ئەڵک و شایانی سەربە شارستانی کامیاران، نێ سەربە شارستانی مەریوان و ژاوەرۆی سنە وەکوو تەنگیسەر، بە کۆکردنەوەی یارمەتیی نەختی و پێداویستی لە خەم و پەژارەی کوردە ئاوارەکانی شنگال بەشدار زانی.