کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شاخەوانانی كورد بەمەبەستی یادی شیمیابارانی سەردەشت لووتکەی چیای هەڵگوردیان بڕی

17:19 - 10 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: زیاتر لە ٦٠شاخەوانی كوردی شارە جۆراوجۆرەكانی كوردستانی رۆژهەڵات بەمەبەستی رێزگرتن لەقوربانیانی شیمیابارانی شاری سەردەشت، لووتكەی چیای هەڵگوردیان خستە ژێر پێ‌.
بەپێی هەواڵی گەیشتوو بەماڵپەڕی كوردستان میدیا، شاخەوانەكانی شارەكانی سەردەشت، شنۆ، پیرانشار، بۆكان و بانە و چەند شارێكی دیكەی كوردستان بەمەبەستی یادی قوربانیان و بەركەوتوانی شیمیابارانی شاری سەردەشت لووتكە چیای هەڵگوردیان بڕی.
ئەو شاخەوانە كوردانە بە دروشمی ( چەكی كۆمەڵ كوژی كۆتایی پێ‌بێت، بەڵێ بۆ ئاشتی) ئەو چالاكیەیان ئەنجام دا و دواتر روویان لە هەرێمی كوردستان و قەزای چۆمان كرد.
چیای هەڵگورد بە بەرزترین لووتكەی كوردستان دێتە ئەژمار و ئەو چیایە دەكەوێتە زنجیرە چیاكانی حەسارۆست لەنزیك سنووری نێوان عێراق وئێران و لەناوچەی سەكرانی هەڵگورد لەقەزای چۆمان هەڵكەوتووە.


چیای هەڵگورد بەدووەمین زنجیرە چیا لەعێراق بۆ بەرزی دێتە ئەژمار و (٣٦٠٧)میتر بەرزە.
٧ی پووشپەڕی ١٣٦٦ی هەتاوی لە ئەنجامی شەڕی رێژیمی ئێران و عێراق شاری سەردەشت شیمیایی باران كرا و دەست لەجێ‌زیاتر لە ١٥٠ کە‌س گیانیان لەدەست دا و دواتر یش نزیك بە ٨هەزار بەركەوتووی ئەو چەكەی لێكەوتەوە.