کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شارەداریی مەریوان حەقدەسی کرێکاران نادات و لەسەر کارەکانیان دەریان دەکات

17:55 - 23 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شارەداریی مەریوان ماوەیەکە حەقدەستی مانگانە و هەروەها ئیزافەکاریی کرێکارانی بەدوا خستووە و زۆربەشیان تەنانەت لە بڕی پارەی مووچەکەیان هیچ زانیارییەکیان نییە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەهۆی وەرنەگرتنی حەقدەست و ئیزافەکاریی پێرسۆنێلی شارەداریی مەریوان گوشارێکی زۆری ماڵی و کاری بۆ پێرسۆنێلەکانی ئەو ئیدارەیەی رێژیم هاتووە و تەنانەت ئەو پێرسۆنێلانە لە بڕی مووچەی مانگانەی خۆیان ئاگادار نین.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کاری ئێران تەنیا لە سەدا ٧ی کرێکاران بە شێوەی گرێبەستی فەرمی کار دەکەن و لەسەدا ٩٣ی دیکەش بە شێوەی گرێبەستی کاتی سەرقالی کار کردنن.

دەر کردنی ٣٥ کەس لە کرێکارانی بەنداوی هیروێ لە نەوسوود، دەرکردنی لانیکەم ١٥٠ کەس لە کرێکارانی بەنداوی داریان لە پاوە و کەمکردنەوەی٣٧٠ کرێکار لە پڕۆژەی پردی نێو قەدی گۆلی ئورمیە لەم ماوەیەدا، حاڵەتی هاوشێوەن کە کرێکارانی کورد لەلایەن شیرکەت و پەیمانکارەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە لەسەر کارەکانیان دەرکراون.

دەر کردنی کرێکارانی خوجێی پڕوژە ئاوەدانکردنەوە و پیشەییەکانی کوردستان لە لایەن خاوەنکار و شیرکەت و پەیمانکارەکانی سەر بە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانەوە بووەتەوە هۆی زیادبوونی بێکاری و ئەمەش هەژاری هاووڵاتییانی کوردی لێکەوتووەتەوە.