کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

عەلائەدین باباشەهابی هونەرمەندی ناوداری کوردی خەڵکی سنـە کۆچی دوایی کرد

21:30 - 5 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: عەلائەدین باباشەهابی، ژەنیار و هونەرمەندی ناوداری کوردی سنـە بەهۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران ماڵاوایی لە ژیان کرد.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە رێکەوتی ٥ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، عەلائەدین باباشەهابی نەوەی سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی هونەرمەندی ناسراو و بەناوبانگی کورد، ماڵاوایی لە دونیای هونەر کرد.

باباشەهابی لە تەمەن ٧٥ ساڵیدا بەهۆی راوەستانی دڵ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران ماڵاوایی لە ژیان کردووە.

عەلائەدین باباشەهابی لە گەڕەکی چوارباغی شاری سنـە هەر لەسەرەتای خوێندنەوە لە تەمەنی ٧ ساڵیدا لەگەڵ هونەری مۆسیقا ئاشنا بوو.

باباشەهابی لە ساڵی ١٣٣٥ی هەتاوی بە خوێندنی سروودی ئەی وەتەن لە رادیۆ سنـە بەفەرمی کاری گۆرانیبێژیی دەست پێکرد و لە ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی چووە تاران و لەگەڵ ئۆرکێستێری کوردی، ئۆرکێستێری باربۆد، ئۆرکێستێری نکیسا و ئۆرکێستێری فەرهەنگ و هونەر کاری گۆرانیبێژیی پاش تەواوکردنی دەورەی کورت ماوەی سۆلفێژ Solfège لەلای ئوستاد فەرهاد فەخرەدینی و دەنگ لەلای نەمر کەریمی فێر بوو.

ناودارترین بەرهەمەکانی باباشەهابی دەتوانین: جێ ژوانی یاران، سروەی ئاوات، جلوەی دیدار، ئاوێنەی دڵبەری، ئەی وەتەن، نەم نەمی بارانە، گوڵی بانە، مەگری، ویلەن و.. ناو ببەین.

ئەو هونەرمەندە لە وڵاتەکانی سوێد، ئینگلستان، ئاڵمان، بڵژیک، ئۆتریش و عێراق کۆنسێرتی بەڕێوە بردووە.

تەرمی ئەو هونەرمەندە ناودارەی کورد بە بەشداریی هونەرمەندان، چالاکانی فەرهەنگی و خەڵکی هونەردۆست و فەرهەنگ پەروەری کوردستان لە مزگەوتی مەلاوەیسیی سنـە ئەسپەردە دەکرێ.