کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قوربانییانی رووداوەکانی هاتوچۆ لە کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە

17:52 - 2 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمی و زیادبوونی رێژەی بەرتیل خۆری لەلایەن مەئموورانی پۆلیسی هاتوچۆوە و ناستانداردیی رێگەوبان و هەروەها ئۆتۆمبێلەکان لە ئێران و بەتایبەت لە کوردستاندا رێژەی رووداوەکانی هاتووچۆی زیاتر کردووە.


بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، لە یەک حەفتەی رابردوودا بەهۆی رووداوی هاتوچۆ ١٠ هاووڵاتی لە شاری بۆکان گیانیان لە دەست داوە کە چوار کەسیان خوێندکار بوون.

ناوی حەوت کەس لەو قوربانییانە \'\'نەریمان خورەند، عومەر رەحیم زادە، ئەبووبەکر موجاوەری، ئیبراهیم خارج، سلێمان خوشکام، نەویس رەحیمی و سادق خودکام\'\' بۆ کوردستان میدیا ئاشکرا بووە.

لەلایەکی دیکەوە لەسەر رێگای ئورمیە ــ قووشچی بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێکی جۆری پراید بەهۆی لەدەست دانی کۆنترۆڵی ئۆتۆمبێلەکە، سەرنشینێک گیانی لە دەست دا.

هەر لەو رێگایە و لە رووداوێکی دیکەی هاتوچۆدا وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی جۆری پژۆ ٢٠٦ قوربانیی لێ کەوتەوە و یەکێک لە سەرنشینەکانی گیانی لە دەست دا و دوو کەسی دیکەش بە توندی بریندار بوون.

لەو پێوەندییەدا وەرگەڕانی پراید لە رێگای دەینەوەر ــ سەحنە لە پارێزگای کرماشان برینداربوونی ٦ هاووڵاتیی لێ کەوتەوە و پاشان بریندارەکان رەوانەی ناوەندە دەرمانییەکانی کراون.

هەروەها لە رێگای گوندی \'\'سونقوڕئاوا\'\' لە پارێزگای کرماشان دیسان وەرگەڕانی پراید قوربانیی گرت و ٣ سەرنشین گیانیان لە دەست دا و دوو کەسی دیکەش بە برینداری رەوانەی نەخۆشخانەیەکی شاری کرماشان کران.

بەپێی ئاماری پزیشکیی یاسایی ئێران لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا، ١٧٧٢ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتوچۆ لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران (ئورمیە، سنە، کرماشان و ئیلام) گیانیان لە دەست داوە.

هەروەها لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێراندا لە مانگی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی ١٣٧ هاووڵاتی بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە گیانیان لە دەست داوە کە ئەو ئامارە لە خاکەلێوەی ١٣٩٢ی هەتاوی١٤٠ کەس راگەیەنراوە.