کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قیرەتاوی رێگەوبانەکانی ئێران تەنیا بۆ ماوەی یەک ساڵ بەکەڵک دێت

21:39 - 11 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: رێگەوبانەکانی ئێران هیچ ستانداردێکی ئەمنیەتییان تێدا نییە و قیرەتاوی جاددەکان تەنیا بۆ ماوەی ساڵێک بە کەڵک دێت.
هەواڵدەریی ئیلنا بڵاوی کردەوە، قیرەتاوی ناستاندارد بەرزی و نزمی رێگەوبانەکانی ئێران هۆکاری لەسەدا ٣٠ی رووداوەکانی هاتوچۆ لەو وڵاتە دایە و ئەو قیرەی کەلە ئێران بۆ قیرەتاو کردنی جاددەکان کەڵکی لێ وەردەگیرێت، تەنانەت لە وڵاتانی سریلانکا و تانزانیا قەدەغە کراوە و هیچ کڕیارێکی لە جیهاندا نییە.

بەرهەمهێنەرانی قیر لە وڵاتی ئێران لەبری کەڵک وەرگرتن لە مادە ستانداردەکان، پاشماوەی بورجی تەقتیر، نەوتی سپی و مازۆتی خراپ تێکەڵ دەکەن و قیری ساختەکاری بەرهەم دێنن و شیرکەتە بەڵێندەریەکان بۆ کەم کردنەوەی تێچووەکانیان لە پرۆژەی رێگەوبان کەڵک لە قیرە ناستانداردەکە وەردەگرن.

نەبوونی ستانداردە ئەمنیەتییەکانی دروست‌کردنی رێگەوبان، خراپیی قیر، کەڵک وەرگرتن لەقیری ناستاندارد و ساختەکاری، گران بوونی نرخی قیر بۆ قیرەتاو کردنی جاددەکان یەکێک لە سەرەکی‌ترین هۆکارەکانی هاتنە ئارای رووداوەکانی هاتوچۆ لە ئێرانە، کە رۆژانە چەندین کەس بەو هۆیە گیانیان لە دەست دەدەن.

بە پێی ئامارە فەرمییەکان، رووداوی هاتوچۆ سەرەکی‌ترین رووداوی ناسروشتییە کە لە ئێراندا گیان هاووڵاتییان دەستێنێت.

بەپێی ئامارێک کە مانگی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو بووتەوە، ١٠ میلیۆن کەس لە ئێران بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆ گیانیان لە دەست داوە کە ئەوەش بۆ ناستانداری جاددەکان، ماشێنی ناستاندارد و نەبوونی بەڕێوبەرایەتی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە.

هەروەها بەپێی ئامارە جیهانییەکان، ساڵانه زیاتر لە یەک ملوێن و ٢٤٠ هەزار نەفەر لە جیهاندا بە هۆی رووداوی هاتوچۆ دەکوژرێن و وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین رووداوی هاتوچۆ تیایدا روو دەدات و زۆرترین قوربانی لێ دەکەوێتەوە.