کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی کەم ئاوی لە ئورمیە/ ئاوی خواردنەوەی ١٩٩ گوند جیرەبەندی کراوە

17:44 - 1 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بە هەژمارکردنی جیرەبەندیی ١٩٩ گوندی ئورمیە، ژمارەی ئەو گوندانەی کە لەم پارێزگایەدا تووشی کێشەی کەم ئاوی دەبن، گەیشتە ٣٠٧ گوند.
هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان لە زاری بەڕێوەبەری شیرکەتی ئاوی ئورمیە بڵاویان کردەوە، رێژەی کەمیی ئاوی خواردنەوە لە گوندەکانی ئورمیە ٣٩٨ لیتر لە چرکەیەکدا زیادی کردووە و لە مانگی گەلاوێژی ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو گوندانە کە لەگەڵ کێشەی کەمیی ئاو بەرەوڕوو بوون، گەیشتووەتە ٣٠٧ گوند.

کەموکۆڕیی لە رادەبەدەر و نەبوونی ئاو لە ٦٠٠ گوندی پارێزگای سنە کە دەگاتە لەسەدا ٣٦ی هەموو گوندەکان لە ئارا دایە و خەڵکی ئەو ناوچانەی تووشی قەیران کردووە.

کارناسان لەو بڕوایە دان کە قەیرانی ئاو بۆ پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی رێژیم لە ساڵانی رابردوودا دەگەڕێتەوە.

دروستکردنی بەنداو بە شێوەیەکی بەربڵاو، چێ کردنی ئاوبەندی جۆراوجۆر، هەڵکەندنی چاڵاوی قووڵ لەلایەن کەسانی هەڵپەرستەوە بە مۆڵەتی دەوڵەت، کەڵک وەرنەگرتن لە کاناڵی ستانداردی گەیاندنی ئاو و کەمیی پرۆژەی ئاوەدانکردنەوە، لەو هۆکارانەی کەمی و نەبوونی ئاو لە کوردستان دایە.