کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئیلام لەهەمبەر وەزیری رێگەوبانی رێژیمی ئێران ناڕەزایەتییان دەربڕی

17:46 - 30 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: پاش سەردانی وەزیری رێگەوبان و شارسازیی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ پارێزگای ئیلام، لێقەوماوانی بوومەلەرزەی ئیلام، بە نیسبەت پشت گوێ خستنی داوکارییەکانیان لەلایەن رێژیمەوە، ناڕەزایەتیان دەربڕی.

هەواڵدەرییە نێوخۆیی‌یەکان بڵاویان کردەوە، سەرلە بەیانیی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٩ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی، وەزیری رێگەوبان و شارسازیی رێژیم لە بەخشی موورمووری لە پارێزگای ئیلام، لەگەڵ ناڕەزایەتیی بەرینی هاووڵاتییانی کوردی ئەو بەخشە بەهۆی کەمتەرخەمیی رێژیم لەهەمبەر داواکاریی لێقەوماوانی بوومەلەرزەی سێ رۆژی رابردوو، بەرەوڕوو بووەوە.

ئەو هاووڵاتییانە داوای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتایی‌یەکانی ژیان وەکوو ئاو، نان، خێوەت و جلوبەرگیان کردبوو کە لەلایەن رێژیمەوە هیچ بایەخێک بەو داواکاریانە نەدراوە و پشت گوێ خرابوون.

هاووڵاتییان لەو ناڕەزایەتییەدا دروشمی بەرپرسانی رێژیم تەنیا دروشم دەدەن و هیچ کردەوەیەک لەخۆ نیشان نادەن و تەنیا وەعدە و بەڵێنی ناڕاست دەدەن وتووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەکان، هاووڵاتییانی موورمووری لە پارێزگای ئیلام لەژێر گەرمای سەرووی ٥٠ پلەی گەرمیدا دەژین و چاڵە ئاوەکانی ناوچەکە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە تێکڕماون و ئەمەش گرفتی کەمیی ئاوی بۆ هاووڵاتییان کورد لەو بەخشەدا دروست کردووە.