کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەشاری سەردەشت مامۆستایەكی ئایینی بانگهێشتی دادگا كرا

15:05 - 2 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: مامۆستایەكی ئایینی بەناوی سەلام گوڵنەواز بۆجاری چوارەم بانگهێشتی دادگای روحانیەتی شاری تەورێز كرایەوە.

مەلا سەلام گوڵنەواز پێش‌نوێژی مزگەوتی حەزرەتی عومەر لە گەڕەگی شێوە برایم‌ی سەردەشتە و لەلایەن دەزگا قەزاییەكانی رێژیمی ئێرانەوە پێی راگەیەندراوە، پێویستە خۆی بە دادگای روحانیەت لەشاری تەورێز بناسێنێت.

لەو پێوەندییەدا ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاوی كردۆتەوە، ئەو مامۆستا ئایینیە بە تاوانی ئەندامەتیی لەمەكتەبی قورئان و پەیڕەوی لەئەحمەد موفتی‌زادە بانگهێشتی دادگا كراوە.

دادگای تایبەتی روحانیەتی رێژیم لەشاری تەورێز بە مەلا سەلامی راگەیاندووە، پێویستە لە مانگی خەرماناندا خۆی بە دادگا بناسێنێت.

سەلام گوڵنەواز پێشتریش لە مانگی بانەمەڕ و جۆزەردانی ساڵی ١٣٩١دا بانگهێشتی دادگای تایبەتیی روحانیەتی رێژیمی ئێران لە شاری ورمێ كرابوو.

ئەو مامۆستا ئایینیە بۆ جاری سێهەمیش رێكەوتی ٧ی رەشەممە ٩١ لەلایەن دادگای روحانییەتەوە بانگهێشت كرابوو.