کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەكوردستانی رۆژئاوا رێوڕەسمی یادی دكتور قاسملوو گیرا و هاوكاتیش گرووپێکی چەکدار هێرشی كردە سەر بەڕێوەبەرانی رێوڕەسمەكە

22:43 - 25 پووشپەڕ 2713

كوردستان میدیا: لەشارەكانی كوردستانی رۆژئاوا بە بۆنەی ٢٢‌ی پووشپەڕ چالاكیی تەبلیغی بەڕێوە چوو و هاوكاتیش لەشاری بەیرووت لەلایەن حیزبوڵڵا و لایەنگرەكانی بەشار ئەسەدەوە هێرش كرایە سەر ئەو كەسانەی كە یادی دكتور قاسملوویان بەرز راگرتبوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، لەشارەكانی عامودا، قامێشلو، عەفرین و كۆبانی لەلایەن لاوانی ئاراراتەوە رێز لەیادی دكتور قاسملوو لە ٢٤ـەمین ساڵیادی تێرۆر كرانیدا گیرا و لاوانی بەهەست و نیشتمانپەروەر و رێبۆرانی رێگای دكتور قاسملوو چەندین چالاكیان بەڕێوە برد.
هاوكات لەگەڵ ئەو چالاكیانە لەشاری بەیرووتیش لاوانی شۆڕشگێڕ یادی دكتور قاسملوویان بەرز راگرت و رێوڕەسمیان بەڕێوە برد و لەبەر دەرگای un لەو شارە كۆبوونەوەیان پێك هێنا.
ئەو یاد كردنەوەیە لەگەڵ هێرشی چەكدارەكانی حیزبوڵڵای لوبنان و بەشار ئەسەد و ژمارەیەك لەكوردەكانی دەست و پێوەندیی رێژیمی سووریە بەرەوڕوو بۆوە و لەئەنجامدا یەكێك لەبەڕێوەبەرانی مەڕاسمەكە بەناوی فەیسەڵ مەسعوود بریندار كرا.

لەلایەكی دیكەوە لاوانی كورد لەكوردستانی رۆژهەڵاتیش لەشارەكانی ماكۆ و بازرگان بە بۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ چالاكیان بەڕێوە برد.

لاوانی ئارارات لەناوچەكانی سۆما و برادۆست و ئاواییەكانی گەنگەچین، گونبەد، هەشتیان، عومەر ئاوا، ملوانە چالاكیان بەڕێوە بردووە و دروشمی تایبەت بە رۆژی ٢٢‌ی پووشپەڕییان نووسیوە و هەر لەو پێوەندییەدا شاری قووچانیش لەو چالاکیانە بێبەری نەبووە.