کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەوڵاتی سوید رێز لە رۆژی شەهیدانی كوردستان گیرا

18:11 - 18 خاکەلێوه 2713

كوردستان میدیا: كۆمیتەی حیزبی دێمۆكرات ـ ئوپسالا بە بۆنەی ١٠ی خاكەلێوە رۆژی شەهیدانی كوردستان سیمینارێكی بە بەشداری مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی پێك‌هێنا.
بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی كوردستان میدیا، سیمینارەكە رۆژی شەممە رێكەوتی ١٧ی خاكەلێوە بە خوێندنەوەی سروودی ئەی رەقیب و راگرتنی چەند ساتێك بێ دەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان دەستی پێكرد.
لە سەرەتادا عەلی رازدار بەرپرسی كۆمیتەی ئوپسالا وێڕای بەخێر هێنانی بەشدار بووان بە گشتی و مامۆستا حەسەن شیوەسەڵی بە تایبەتی، پەیامێكی بەو بۆنەوە خوێندەوە.
دواتر بەڕێزان مام حەسەن و كاك محەممەد چەندین مۆمێان بەو بۆنەیەوە داگیرساند.
لە درێژەی بەرنامەكاندا پەیامەكانی نوێنەرایەتی حیزبی دێمۆكراتی كوردستانی ئێران لەلایەن ئەبووبەكر رەحمانی، ئەنجوومەنی گەل و بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران خوێندرانەوە و هەروەها بروسكەی یەكیەتی نیشتمانی كوردستان لە ئوپسالا و سازمانی خەبات و ماڵپەڕی خاكەلێوە بە بەڕێوەبەرانی مەراسمەكە گەیشتبوو.
لە درێژەدا خاتوو شكوفەی قوبادی چالاكی سیاسی و كۆمەڵایەتی و عەزیز مورادپەرست چالاكی سیاسی هەر کامیان بە جیا باسێکیان لەو پێوەندییەدا پێشكەش كرد.


هەر لەو پێوەندییەدا مەلا محەممەد بەگزادە پارچە شێعرێكی لە پێوەندی لەگەڵ شەهید پێشكەش كرد و هەروەها خاتوو سوڵتان رۆستەمی چەپكە گوڵی بەو كەسانەی كە پەخشان و پەیامێان خوێندبووە بەخشی و دواتریش كۆمیتەی حیزبی دێموكرات ـ ئوپسالا چەپكە گوڵی رێز و وەفاداریان پێشكەشی ژمارەیەكی بەرچاو لە بنەماڵەی شەهیدانی هەر چوار پارچەی كوردستان كرد.