کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە سێ مانگەی یەکەمی ئەمساڵدا، رۆژانە ٣٩١ حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمار کراوە

23:03 - 23 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: ئاماری تەڵاق لە سێ مانگەی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ئێران، لە سەدا ٤ زیادی کردووە.
رۆژنامەی شەرق لە زاری بەرپرسی رێکخراوی تۆمارکردنی بەڵگە و دارایی‌یەکانی ئێران بڵاوی کردەوە، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاویدا، ئاماری پێوەندیدار بە حاڵەتەکانی تەڵاق لە ئێراندا بە بەراورد بە ماوەی وێکچووی ساڵی رابردوو لەسەدا ٤ زیادی کردووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوەکانی تۆمار کردنی بەڵگە و دارایی‌یەکانی ئێران، لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ئەمساڵ دا ٣٦ هەزار و ٣٤٢ حاڵەتی تەڵاق لە ئێران تۆمار کراوە.

بەپیی ئەو ئامارانە لە دوو مانگی یەکەمی ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی لە ئێران، زیادتر لە ٢١ هەزار و ٧٠٠ حاڵەتی تەڵاق تۆمار کراوە.

لەم پێوەندییەدا، جیا لە زیادبوونی رێژەی تەڵاق لە ئێران، ئاماری پێوەندیدار بە پێکهێنانی ژیانی هاوبەش بە توندی رووی لە کەمیی کردووە.

پارێزگاکانی کوردستانی ئێران وەکوو ئیلام، سنە، کرماشان و ئورمیە لەبارەی زیادبوونی ئاماری تەڵاقەوە لە ریزی یەکەمەکانی پارێزگاکانی ئێران ئەژمار دەکرێن.

کارناسانی کاروباری کۆمەڵایەتی لەو بڕوایە دان کە بێکاری، نەبوونی داهات و تووش بوون بە ماددە هۆشبەرەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی تەڵاق لە ئێراندا ئەژمار دەکرێن.