کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یەک مانگی رابردوودا ١٧٠٠ کەس لە عێراق کوژراون

17:38 - 11 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە درێژەی نائارامی و توندوتیژییەکانی ئەم دوایی‌یانەی عێراق، لە ماوەی مانگی ژووئیەدا لانیکەم ١٧٠٠ هاووڵاتیی عێراقی کوژراون.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بەگوێرەی تازەترین راپۆرتی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان کە رێکەوتی ١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٣ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە، شەپۆلی نوێی کوژران و تێکهەڵچوونە نیزامییەکان لە عێراق توندتر و زیادی کردووە و ئاماری قوربانییانی ئەو شەڕ و تێکهەڵچوونانەش بەردەوام رووی لە هەڵکشاندا بووە.

بەپێی ئاماری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی مانگی ژووئیەدا ١٧٣٧ هاووڵاتیی عێراقی کوژراون و بەو پێیە مانگی رابردووی زایینی یەکێک لە خوێناویترین مانگەکانی عێراق پاش قەیرانی ئەم دوایی‌یە راگەیەنراوە.

لەو پێوەندییەدا لە مانگی \'\'ژووئەن\'\'یش لە وڵاتی عێراقدا زیاتر لە ٢٤٠٠ هاووڵاتی کوژرابوون.

راپۆرتەکانی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەری دەخات لە مانگی ژووئیەدا زیاتر لە هەر مانگێکی دیکەی ئەمساڵ هاووڵاتییانی شاری بەغدا پایتەختی عێراق بە هێرش و تەقینەوەکان کوژراون و لە ماوەی ئەو مانگەدا لانیکەم ٤١٥ ‌هاووڵاتیی شاری بەغدا کوژراون.

پێشتریش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا بڵاوی کردبووە کەلە رەوتی توندوتیژی و تێکهەڵچوونەکانی عێراقدا، لە هەر کاتژمێرێکدا ٦ کەس کوژراون کە تێکڕای ئەو کەسانە، قوربانیی توندوتیژی و تیرۆریزم بوون.

هۆکاری ئەسڵیی کوژران و برینداربوونی هاووڵاتییانی عێراق بۆمب گوزاری و تێکهەڵچوون لە نێوان گرووپە جیاوازەکان لە عێراق راگەیەندراوە.

بە دەستپێکی شەپۆلی تازەی تێکهەڵچوونەکان لە عێراق، ژمارەی ئاوارەکانی ئەو وڵاتە بە رێژەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوون کردووە و هەنووکە بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، زیاتر لە ١ میلیۆن ٢٠٠ هەزار عێراقی لە یەک مانگی و نیوی رابردوو لەگەڵ پێشڕەوییەکانی گرووپی ئیسلامیی داعش ئاوارە و بێ ماڵ بوون.

بەپێی راپۆرتەکان، هێزەکانی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە بەغدا و ناوچە جیاوزەکانی عێراق بەشداریی چالاکانەیان هەیە و رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتانی ناوچەکە و پاڵپشتی لە حکوومەتە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەستێکی باڵای لە سەرکوت و کوژرانی خەڵکی ئەو وڵاتانەدا هەیە.

سووریە و عێراق لەو دوو وڵاتانەن کە رێژیمی ئێران راستەوخۆ دەستێوەردانی نیزامییان تێدا دەکات و رۆژانە چەندین ئەندامی سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە شەڕ و پێکدادانەکانی ئەو دوو وڵاتەدا دەکوژرێن.