کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

مەرگی گوماناویی دەست‌وپێوەندییەکی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە دیواندەرە

23:38 - 24 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: یەکێک لە دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بەناوی سەید حەسەن هادی بەهۆی کەوتنە خوارەوە لە سەربانی ماڵەکەی خۆی، گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەری کوردستان میدیا، کاتژمێر ١١ی شەوی رۆژی شەممە رێکەوتی ٢٢ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، سەید حەسەن هادی خەڵکی شارستانی دیواندەرە بەهۆکارێکی ناڕوون لە سەربانی ماڵەکەی خۆی کەوتووەتە خوارە وە و دوای چەند کاتژمێر هەواڵی مەرگی لە ناوچەکە بڵاو بووەوە.

حەسەن هادی یەکێک لەو کەسانە بوو کەلە سەرکوتی لاوانی دیواندەرە لە ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٤ی هەتاوی لەو شارستانە، شان بە شانی هێزەکانی رێژیم دەستی دایە لێدان و بێ حورمەتی کردن بە خۆپیشاندەران.

ئەو دەست‌وپیوەندییەی رێژیم هەروەها دانیشتوویەکی گوندی کانی چەرموو بەناوی عەبدوڵکەریم یارئەحمەدیی لە ساڵەکانی ٦٠دا کوشتبوو.

حەسەن هادی لە کاتێکدا کە لەگەڵ هێزەکانی رێژیم بە مەبەستی زەبر وەشاندن لە هێزی پێشمەرگە لە ناوچەکەدا هەڵدەسووڕا، چەندین وەرزێڕ کەلە مەزراکانیان دەگەڕانەوەی دایە بەر دەستڕێژی گولـلە و لە ئاکامدا گیانی وەرزێرێکی ئەستاند.

هەندێک لە هاووڵاتییان لەو باوەڕەدان کە کوژرانی حەسەن هادی، لە ئاکامی هەوڵێکی خۆکوژیدا بووه.