کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی بنەماڵەی قوتابییانی شیناوێی پیرانشار لەهەمبەر دیەی دیاریکراوی بیمە

23:45 - 11 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: لە کاتێکدا کە یەک ساڵ و نیو بەسەر رووداوی قوتابخانەی شیناوێدا تێدەپەڕێت، بیمە رایگەیاندووە کە تەنیا نیوەی خوێن بایی ئەو کچە قوتابییانە دەدرێت و ئەمەش ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ئەو قوتابییانەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژنامەی شەرق لە زاری \'\'عوسمان موزەیەن\'\' یەکێک لە پارێزەرانی قوتابییانی قوتابخانەی شیناوێ بڵاوی کردەوە، بنەماڵەی کچە قوتابییانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەی رێکەوتی ١٥ی سەرماوەزی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی لە قوتابخانەی گوندی شیناوێ سەربە شارستانی پیرانشار لەسەر بڕیاری رێکخراوی بیمە لەمەڕ دانی نیوی خوێن بایی‌یەکەیان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی راپۆرتەکان، رەچاونەکردنی \'یوم‌الادا\'، نەبوونی و نەدانی خوێن بایی بەپێی بڕی پارەی دیەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی و ناڕەزایەتی لەهەمبەر کەمیی پلەی سووتانی قوتابییانی شیناوێ لەلایەن پزیشکیی یاساییەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی ناڕەزایەتیی بنەماڵەی کچە قوتابییانی شیناوێ راگەیەندراوە.

لەم پێوەندییەدا چەند رۆژ پیش ئێستا هەواڵی \'\'نیوەبوونی دیەی قوتابییانی شیناوێ\'\' لەلایەن بیمەوە بڵاو بووەوە.

بیمە رایگەیاندبوو: بەهۆی رەگەزەوە (كچ بوونیان) تەنیا نیوەی دیەی ئەو کچە قوتابییانە دەدرێت.

بەپشت بەستن بە ماددەی ٣٠٠ی یاسای بنەڕەتیی رێژیمی ئێران کە هیچ کات پەسند نەکراوە، دیەی کوشتنی ژنی موسلمان بە ئانقەست، یان غەیرە ئانقەست، نیوەی دیەی پیاوی موسڵمانە، هەروەها لە ماددەی ٣٠١ی سزادانی ئیسلامیدا هاتووە: دیەی ژن و پیاو یەکسانە هەتا کاتێک کە ئەندازەی دیە یەک لەسەر سێی تەواوی دیەیەک بێت. جیا لەو حاڵەتە، دیەی ژن نیوەی دیەی پیاوە\'\'.