کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری حیزبی دێموکرات لە کۆنفڕانسێک لە وڵاتی بلژیک بەشداریی کرد

19:13 - 3 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پەراوێزی ئەو کۆنفڕانسەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە ئەندام پارلمانی ئورووپا و نوێنەرانی رێکخراو و لایەنە سیاسییەکان چاوپێکەوتنی ئەنجام دا.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، کۆنفڕانسێک لەژێر ناوی \'\'دێموکراسی، مافی چارەی خۆنووسین و ئازادیی گەلان\'\'، بە بەشداریی ژمارەیەک کەسایەتیی پارلمانی ئورووپا و نوێنەری حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە پارلمانی ئورووپادا بەڕێوەچوو.
ئەو کۆنفڕانسە لەلایەن رێکخراوی \'\'کۆنکورد\'\' پێکهات و تێیدا کۆمەڵێک باس و بابەت وەک، دێموکراسی و مافی چارەی خۆنووسین لە روانگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، ئابووری و دێموکراسی، ئازادیی ژنان و گۆڕینی سیستەمەکان، مافی پەرەپێدان و بەرگری لەخۆ کردن لە بەرانبەر دەوڵەتە سەرکوتکەرەکان، رۆڵی دەوڵەتان لە پەرەپێدان و پاراستنی مافە گشتییەکان، ئەرکی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و رێکخراوە ناحکوومییەکان لە پاراستنی مافە گشتییەکان و چەندین بابەتی دیکەی پێوەندیدار تاوتوێ کران.


ئەو لایەنانەی کەلە کۆنفرانسەکەدا بەشدارییان کرد بریتین لە:

ـــ ژمارەیەک پارلمانتاری پارلمانی ئورووپا

ـــ سینتیا مەک کیننی، پارلمانتاری سەربە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا

ـــ دوکتور هانس کووخلێر، مامۆستای زانکۆ لە وڵاتی ئوتریش

ــ نوێنەرانی جووڵانەوەکانی فیلیپین، هەرێمی باسک

ـــ نوێنەری سەنتەری مافی مرۆڤی \'\'تامیل\'\' لە ئینگلیس

ـــ پارلمانتارێکی تورکیە

ـــ نوێنەری ئۆفیسی ژنانی کورد بۆ ئاشتی

ـــ نوێنەری فەلستین لە وڵاتانی بلژیک و لۆگزامبوورگ

ـــ یان فرمۆن سەربە تۆڕی پارێزەرانی پێشکەوتوو لە وڵاتی بلژیک
لە کۆتایی ئەو کۆنفڕانسەدا راگەیەنراوێک بە پێشنیار و رەخنەی بەشدارانی کۆنفڕانسەکە لەمەڕ زیاتر تەکمیل کردنی پەسند کرا.
نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی بلژیک بەشداریی لەم کۆنفڕانسەدا کرد و وێڕای پێشکەش کردنی رەخنە و پێشنیاری خۆی، لەگەڵ چەندین کەس لە پارلمانتاران و نوێنەرانی لایەن و رێکخراوەکانی بەشدار، هاودیتنی پێکهێنا.