کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆروێژ/ بەڕێوەچوونی فستیڤاڵی لاوان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا

20:37 - 7 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: فستیڤاڵێک لە ژێر ناوی لاوان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا لەلایەن یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە وڵاتی نۆروێژ بەڕێوەچوو.

بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٧ی ئێوارەی رۆژی هەینی، رێکەوتی ٤ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، لە ژێر چاودێریی کۆمیتەی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، فیستیڤاڵێک لە ژێر ناوی لاوان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورددا بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و راگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد.

پاشان لە حەرەکەتێکی سەمبولیکدا بە بەشداریی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، فواد خاکی بەیگی و ئەندامانی ئەو یەکیەتییە لە وڵاتی نۆروێژ، مۆمی کوردستان بۆ رێزگرتن لە خەبات و گیان ‌فیدایی شەهیدانی کورد و کوردستان، داگیرسا و دواتر باسێک لە سەر شەهید لەلایەن ئەمیر مرادیــەوە پێشکەش کرا.

رۆژی دووهەمی کاری فستیڤاڵەکە، کاتژمێر ١٠ی سەرلە بەیانیی رێکەوتی ٥ی رەزبەری ١٣٩٣ی هەتاوی، بە پێشکەش‌کردنی باسێک سەبارەت بە رۆڵی لاوان و بەشدارییان لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی نەتەوەی کورد لەلایەن فواد خاکی بەیگی سکرتێری گشتیی یەکیەتیی لاوانەوە دەستی پێکرد.

خاکی‌بەیگی لە باسەکەی‌دا وێڕای ئاوڕدانەوە لە خەباتی نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان‌، تیشکی خستەسەر رەوش و بارودۆخی نەتەوەی کورد لە ناوچەکە و سەبارەت بە دۆخی هەنووکەیی حیزبی دێموکرات و یەکیەتیی لاوان و هەروەها چەند بابەتێکی پێوەندیدار بە کاری و چالاکیی رێکخراوەیی بە تایبەت لە دەرەوەی وڵات چەند باسێکی پێشکەش کرد.

کۆتایی بەشی یەکەم، لە کاری فستیڤاڵەکەدا بە پرسیار و تێبینی ئەندامان و وەڵامدانەوەیان لەلایەن سکرتێری یەکیەتیی لاوانەوە تەرخان کرابوو.

رۆژی دووهەمی فستیڤاڵەکە، لەلایەن هیوا ئەحمەدی، بە نوێنەرایەتیی کۆمیتەی نۆروێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە بەڕێوەچوو.

ناوبراو لە قسەکانیدا ئەرکی لاوانی لە دەرەوەی وڵات بۆ ئامادەبوان باس کرد و دواتر وەڵامی پرسیار و تێبینییەکانی بەشداربوانی دایەوە.

لە بەشێکی دیکەی کاری فستیڤاڵەکەدا، قادر عەزیزبەیگی و ئەنوەر پوویا، بە نوێنەرایەتیی کۆمەڵەی کولتووریی کورد لە نۆروێژ، باسێکیان سەبارەت بە چۆنییەتی بەشداریی لاوان لە رێکخراو و حیزب و کۆمەڵە مەدەنییەکانی وڵاتی نۆروێژ پێشکەش کرد.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لە دوانیوەڕۆی رۆژی دووهەمی فستیڤاڵەکەدا، بەشداران لە کەشێکی دۆستانەدا بە بەڕێوەبردنی چەندین چالاکیی وەرزشی درێژەیان بە رەوتی فستیڤاڵەکە دا.

دواتر گەرمیان یارحوسێنی باسێکی سەبارەت شوناسی نەتەوەیی و کەسایەتیی لاوی کورد لە دەرەوەی وڵات پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و دواتر بەشداران بە تێبێنی و پرسیارەکانیان باسەکەیان دەوڵەمەندتر کرد.

بڕگەی کۆتایی رۆژی دووهەمی فستیڤاڵەکە بە پێشکەش کردنی بابەتێک لەلایەن ئەفراسیاب گرامی‌ـەوە، لە ژێر ناوی ناساندنی رۆژهەڵاتی کوردستان، تەرخان کرابوو.

لە رۆژی سێهەمی کاری فستیڤاڵەکەدا، را و بۆچوونی بەشداران سەبارەت بە بەهێزتر کردنی کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی لاوان خرایە بەرباس و دواتر بە خوێندنەوەی چەندین بڕیار و راسپاردە بۆ بەڕێوەبردنی کار و چالاکی یەکیەتیی لاوان لە نۆروێژ کۆتایی پێهات.

لەو فستیڤاڵەدا، چەپکە گوڵی سوپاس و پێزانین لەلایەن کۆمیتەی نۆروێژ یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ، پێشکەش بە سەرجەم کۆڕگێڕانی فستیڤاڵەکە کرا.