کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نۆیەمین کۆڵبەری کورد لەماوەی هاوینی ئەمساڵدا کوژرا

17:04 - 26 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: کۆڵبەرێکی کوردی خەڵکی ئورمیە لە خاڵی سنووریی ئێران و تورکیە درایە بەر دەستڕێژی گولـلەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران ولە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، زاهیر سەربازی کۆڵبەری کوردی خەڵکی ئورمیە لەلایەن هێزە نیزامییەکانی رێژیمی ئێرانەوە درایە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی گولـلە و لە ئەنجامدا گیانی لە دەست دا.

بەهۆی تەقەی هێزەکانی رێژیم کە لە رێگای هاتوچۆی کۆڵبەران رووی داوە، کۆڵبەرێکی دیکە بە ناوی مەهدی بریندار کراوە.

لەو پێوەندییەدا شەوی چوارشەممە رێکەوتی ١٩ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی، هێزە نیزامییەکانی هەنگی سنووریی سپای پاسداران لە پیرانشار لە شوێنێک بە ناوی ملەمار لە نزیک دۆڵی زەویانە کاروانی کۆڵبەرانی کوردیان دایە بەر دەسترێژی گولـلە.

لەو کردەوەیەدا دوو کۆڵبەری کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئیبراهیمی و عومەر سوڵتانی کوژران و کۆڵبەرێکی دیکەش بە ناوی سلێمان ئیبراهیمی بریندار بوو.

لەو پێوەندییەدا، سەرۆکی پۆلیسی ئاگاهی هێزەی ئینتزامیی رێژیم رایگەیاندووە: ئێمە لەسەر سنوورەکان بە شێوەی راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکەین.

هەرساڵە چەندین کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و دەیان هاووڵاتیی کورد لە نێو جادەکاندا بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن.

بەپشت بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لە سێ مانگی هاوینی ئەمساڵدا ٢٥ کۆڵبەر دراونەتە بەر دەستڕێژی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کە ٩ کەسیان گیانیان لە دەست داوە و ١٦ کەسی دیکەش بریندار بوونە.