کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نەوسوود/ ژمارەیەک لە چالاکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال لە نەوسوود دەسبەسەر کران

18:24 - 8 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: بەپێی بڕیاری دادستانی شاری پاوە، ژمارەیەک لە چالاکانی کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکانی شنگال، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە لە سنووری شۆشمێ دەسبەسەر کران.
بەپێی هەواڵی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی پاش ئەوەی کە کاروانی یارمەتییەکانی شارەکانی پارێزگای کرماشان لەسەر خاڵی سنووری شۆشمێ ــ تەوێڵە گەیشتنە سەر سنووری شاری نەوسوود و لەوێوە ئاودیوی سنوور کران، لەلایەن بەرپرسانی حکوومی پارێزگای کرماشان و بەخشی نەوسوودەوە سووکایەتیان پێ کرا.

بەپێی ئەم راپۆرتە بەرپرسانی رێژیم بەربەستیان بۆ رەوانە کردنی ئەو کاروانە دروست کرد کە بەهۆی هاتنی ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان بۆسەر ئەو سنوورە و لە ترسی میدیایی بوونی رووداوەکە، دواجار ناچار کران رێگا بە ئاودیوکرانی یارمەتییەکان نەگرن.

ئەندامێکی شۆرای شاری نەوسوود رایگەیاندووە: پاش گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی کە لەگەڵ یارمەتییەکان هاتبوونە نێو خاکی هەرێمی کوردستانەوە، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ ماوەی پێنج کاتژمێر دەسبەسەر کران و دوای لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە و هەروەها سووکایەتی پێ کردنێکی زۆر، بە شێوەیەکی مەرجدار ئازاد کران.

دەسبەسەرکرانی ئەو چالاکانە بە حوکمی دادستانی شارستانی پاوە واتە سەمەدی و بە تۆمەتی بەزاندنی سنوور بووە و لە نێو دەسبەسەرکراوەکاندا، بەخشداری نەوسوود، ئەندامانی شۆرای شاری پاوە، جوانڕۆ، روانسەر، سەلاسی باوەجانی، نەوسوود و نۆدشە و هەروەها نوێنەری کونسووڵگەری عێراق لە شاری کرماشان، بەرپرسی مانگی سووری پاوە، روانسەر، جوانڕۆ و جێگری بەرپرسی مانگی سووری پارێزگای کرماشان و ژمارەیەک لێخوڕی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش لەنێو دەسبەسەرکراوەکان دان.

دەوترێ لەسەر لێدوان و دەرکەوتنی سیمای ژمارەیەک لەو بەرپرسانە لە نێو میدیاکانی باشووری کوردستانیش زەخت و گۆشار خراوەتە سەر ئەو بەرپرسانە.
9264.jpg

9263.jpg

کاروانی یارمەتییە مرۆیی‌یەکانی کرماشان