کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتی کوردستان

18:12 - 18 خاکەلێوه 2715

کوردستان میدیا: لە چاوپێکەوتنی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێران و مەكتەبی سیاسیی پارتی دێموكراتی كوردستاندا، دوایین باردوخی ناوچەکە، کوردستان و بە تایبەتی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوەی ١٣٩٤ی هەتاوی، شاندێكی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بە سەرپەرەستیی مستەفا هیجری سكرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات سەردانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دێموكراتی كوردستانی لە پیرمام كرد و لە لایەن شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی دێموكراتەوە بە سەرپەرەستی فازڵ میرانی سكرتێری مەکتەبی سیاسی پارتییەوە بە گەرمی پێشوازیان لێ کرا.

فازڵ میرانی لەلایەن شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکراتەوە، وێڕای دەربرینی خوشحاڵی خۆیان لەو سەردانەی شاندی حیزب، دوایین بارودوخی سیاسیی پێوەندیدار بە هەرێمی كوردستان و عێراق و بە تایبەت ئاڵوگۆڕ و كارداناوەی شەڕی داعش لە سەر کوردستانیان خستە بەر باس.

شاندی خانەخوێ لە بارەی شەڕی گرووپی تیرۆریستیی داعش لەسەر ئەو باوەڕە بوون كە هەم لە ئاستی بەرەكانی شەڕ و هەم لە ئاستی كومەڵگەی نێودەوڵەتیدا هاوسەنگیەكە بە قازانجی كورد و سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە دەچێتە پێش.

هەموار كردنی دەستوور و یاسای پێوەندیدار بە سەرۆكی هەرێمی کوردستان، پرسێکی دیکەی ئەم دانیشتنەی پێک هێنابوو و شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی دێموکرات لەو بارەوە رایانگەیاند کە بە نیازن لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان و شارەزایانی ئەو بوارە، ئەو بابەتە بە رێکەوتنی نیشتمانی چارەسەر بكەن.

پاشان مستەفا هیجری وێڕای دەربڕینی پەرۆشی و بە خەم‌بوونی حیزبی دێموكرات سەبارەت بەو بارودوخە هەستیارەی هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شەڕی هێزی پێشمەرگە لە‌گەڵ داعش و ئەو رێژە زۆرە شەهید و بریندارەی هێزی پێشمەرگە، جارێكی دیكە پشتیوانیی حیزبی دێموكرات بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی هەرێم و بەرژەوەندیی نەتەوەیی كورد دووپات كردەوە.

هەروەها لە پێوەندی لە گەڵ بابەتی هەموار كردنی دەستووری هەرێم و پرسی سەرۆكی هەرێم، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات هیوای خواست کە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان و بە سینگ ئاوەڵایی و هەست بە بەرپرسایەتی كردن بەرامبەر بە ئەو هەلومەرجە هەستیارەی كە گەلەكەمان تێدایە، بتوانن بە رێکەوتنێکی گشتی ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.
پیلانگێڕیەكانی رێژیمی ئیسلامی و دەست و پێوەندییەكانی لە ناوچە و بە تایبەت لە پێوەندی لەگەڵ هەرێمی كوردستان و پێكهاتەكانی عێراق، بەشێکی دیکەی وتەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی لەو دیدارەدا پێک هێنابوو.
هیجری لەم بارەیەوە لەسەر ئەو بڕوایە بوو کە مەبەستی رێژیمی ئێران لەم هەوڵانە، لاواز كردن و لە بار بردنی ئەزموونی هەرێمی كوردستانە و هاندانی داعش بۆ شەڕ لە گەل هەرێمی کوردستان و ئەو مەترسیانەی كە ئەو رێژیمە بە هەموو سیناریۆكانیەوە دژ بە خەلكی كوردستان هەیەتی.

مستەفا هیجری لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لێكدانەوەیەكی وردی لە سەر هەوڵی ئێران بۆ دەست پێراگەیشتن بە چەكی ئەتومی و خەرج كردنی سەدان میلیارد دۆلار لە سامانی گشتی خەڵكی ئێران و دواتریش لە ژێر گوشاری ئەو تەحریمە ئابوورییانەی رۆژئاوادا كە هەتا لێواری روخانی بردبوو، ناچارە مل بۆ رێكەوتن لەگەڵ ولاتانی ١+٥ رابكێشێت.

هیجری لە درێژەی لێکدانەوەکەیدا پێداگری کرد کە رێژیمی ئیسلامی چەندە لە بەرامبەر كۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا نەرمی نواندن و خۆ بە دەستوەدانی هەبێ‌، ئەوەندە لە دژی خەڵكی ئێران و دژبەرانی زەبر و زەنگ و توندوتیژی دەنوێنێت‌.

مستەفا هیجری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکرات لە درێژەدا لە سەر بەردەوامیی خەباتی گەلی كورد و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات، گرینگی‌دان بە لەقاودانی ناوەڕۆکی رێژیمی ئیسلامی لە پێوەندی لە‌گەڵ بابەتی مافی مرۆڤ، تیروریزمی رێژیمی ئیسلامی، هەناردەكردنی شۆڕشی ئیسلامی و دەستێوەردان لە كاروباری وڵاتانی دیكە بۆ كۆمەڵگای نێونەتەوەیی پێی داگرتەوە.