کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاودیتنی شاندێکی حیزبی دێموکرات لەگەڵ شاندێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

14:45 - 10 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دوو شاندی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە \'\'زەڕگوێز\'\'ی پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
بەپێێ راپۆرتی کوردستان میدیا، شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە سەرپەرستیی بەڕێز \'\'مستەفا هیجری\'\' سکرتێری گشتی، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٩ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، سەردانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی کرد و لەلایەن شاندێکی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانەوە بە سەرپەرستیی \'\'عومەر ئیلخانی‌زادە\'\' سکرتێری گشتی، پێشوازیی لێ کرا.
لەو دیدارەدا کۆمەڵێک باس و باتی پێوەندیدار به ئێران، کوردستانی ئێران، وڵاتانی ناوچەکە و بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاکی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، تاوتوێ کران و هەرکام لە سەرپەرستی هەیئەتەکان هیجری و ئیلخانی‌زادە لە روانگەی حیزبی خۆیانەوە لێکدانەوەی خۆیان دەربڕی.
هیجری وێڕای ئاماژە بە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی پاش هەڵبژاردنی سەرکۆماریی نوێ، وتی: رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ژێر گوشاری رۆژئاوا و گەمارۆ ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، لە سیاسەتە ناوکییەکانی پاشەکشەی کردووە و هەتا ئێستا مەرجەکانی رۆژئاوای قەبووڵ کردووە و بەمەش سازان لەگەڵ دونیای دەرەوەی گرتووەتە پێش، بەڵام لەهەمبەردا لە ناوخۆی وڵات، گرتن و زیندانی کردنی ئازادیخوازان و هەڵاواردنی نەتەوەکان و ئیعدامی زیندانییان لە ئێراندا، درێژە پێ داوە و بگرە توندتریشی کردووەتەوە.
تەوەرێکی دیکەی باسەکان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکانی پێشوو لەمەڕ چۆنیەتیی هاوفکری و هاوهەڵوێستیی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ ئەو هاوفکرییە بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی رۆژهەڵاتی نێوڕاست و هەموو بەشەکانی کوردستان، لەخۆ گرتبوو.