کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هاووڵاتییانی شاری رەبەت پەیوەست بە شەپۆلی کۆکردنەوەی یارمەتیی ئاوارەکانی شنگال بوون+ وێنە

15:26 - 28 گەلاوێژ 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییانی شاری رەبەت لە پارێزگای ئورمیە لە هەوڵێکی خۆڕسکدا پاش شەپۆلی کۆکردنەوەی یارمەتییەکان لە کوردستانی ئێران، یارمەتییان بۆ لێقەوماوانی شاری شانگالی کوردستانی عێراق کۆکردنەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، هاووڵاتییانی شاری رەبەت سەربە شارستانی سەرەشت هاودەردیی خۆیان بە رێکخستنی کەمپەین لەمەڕ کۆکردنەوەی یارمەتی بۆ ئاوارەکان و لێقەوماوانی شاری شنگال رەبەت و لە هەمان کاتیشدا بەم هەوڵەیان رق و بێزاریی خۆیان لە تیرۆر و تیرۆریزم پشتیوانانی تیرۆریزم دەربڕی.

هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کرماشان، روانسەر، جوانڕۆ، پاوە، نۆدشە، مەریوان، کامیاران، سەقز، سنه، مەهاباد، بۆکان، بیجار، پیرانشار، بانە، سەلاس باوەجانی، سەردەشت و نەڵۆس، بە کردنەوەی حیسابی بانکی، کۆکردنەوەی یارمەتیی ماڵی و پێداویستیی جۆراوجۆر، بە هانای ئاوارەکانی شنگال چوون و سۆز و هاودەردیی خۆیان لەگەڵیان دەربڕی.

کارناسانی سیاسی لەو بڕوایە دان، حەرەکەت و جووڵەی هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵات بۆ شەڕی دژی داعش لە کوردستانی باشوور، کاریگەریی لەسەر ئەو حەرەکەتە مەدەنییەی خەڵک لە کوردستان ئێران دانا و هاووڵاتییانی کورد بە شێوەیەکی گەرم و گوڕتر یارمەتییەکانیان پێشکەش بە ئاوارەکان کرد.

منداڵان، دایکان، بووک و زاوا و هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی بەرین لەم هەڵمەتەدا بەشدار بوون.