کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١١ هاووڵاتیی ئەفغانی و پاکستانی لەلایەن هێزەکانی رێژیمی ئێران لە ناوچە سنوورییەکان کوژران

19:46 - 2 بەفرانبار 2712

کوردستان میدیا: لێپرسراوێکی حکوومەتی پاکستان رایگەیاند، هێزەکانی سەر سنووری رێژیمی ئێران ١١ هاووڵاتیی پاکستان و ئەفغانستانیان لە نزیک سنووری ئێران ــ پاکستان کوشتووە.
هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە، زوبەیر ئەحمەد یەکێک لە لێپرسراوانی ناوچەیی پارێزگای بەلووچستانی پاکستان، وتی: ئەو هاووڵاتییانە رۆژی هەینی لە ناوچەی سانساری ئەو پارێزگایە کوژراون.
ئەو لێپرسراوە وتیشی: ئەو یازدە هاووڵاتییە دەیانهەویست لە رێگای ئێرانەوە خۆیان بگەیەنە ئورووپا.
هەر لەو پێوەندییەدا ماوەی ٤ مانگ لەمەوبەر ١٣ لاوی ئەفغانی کە بە مەبەستی کار سەردانی ئێرانیان کردبوو، لەلایەن هێزە ئینتزامییەکانی سەر سنووری رێژیمەوە کوژران و بەشێکی بەرچاو لە هاووڵاتییانی ئەفغان بە نیشانەی ناڕەزایەتیی بە کوژرانی ئەو ١٣ هاووڵاتییە ئەفغانە، هێرشیان کردە سەر بینای کونسولگەری رێژیمی ئێران لە هەرات.
ئەو هاووڵاتییانە کە دانیشتووی شەهرەکی ئیسلام‌قەلعە بوون خوازیاری رادەست کردنی تەرمی ئەو ١٣ هاووڵاتییە کوژراوە لەلایەن ئێرانەوە بە بنەماڵەکانیان بوون.
دوابەدوای دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن بنەماڵەی ژمارەیەک کوژراوی شاری هەراتەوە، رێژیمی ئیسلامیی ئێران کونسولگەرییەکەی لەو شارەدا داخست.