کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەواشەکاری و بەڵێندانی پزشکیان سەبارەت بە ڕاگرتنی فیلتێرینگ و گەشتی ئێرشاد

10:27 - 12 پووشپەڕ 2724

مەسعوود پزشکیان بەربژێری ڕێفۆڕمخواز لەهەوڵدایە تا بە چەواشەکاری و بەڵێنی نادروست سەبارەت بە فیلتێرینگ و بچڕانی ئینتێرنێت، ڕای گشتی و بەتایبەتی ڕای ئەو کەسانەی کە لە خولی یەکەمدا دەنگیان نەداوە بۆلای خۆی ڕابکشێت.

پزشکیان کە لە خولی یەکەمدا تەنیا بە ١٠ میلیۆن و چوارسەد هەزار دەنگ توانی بچێتە خولی دووهەمەوە، ڕۆژی یەکشەممە و لە وڵامی بەکارهێنەرێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئیکس سەبارەت بە فیلتێرینگ و گەشتی ئێرشاد ڕایگەیاند کە بەڵێن ئەدات لە دەوڵەتەکەیدا پێش بەم دوو شتە بگرێت.

پزشکیان لە نووسراوەیەکی چەواشەکارانەدا لە هەژماری ئیکسی خۆی بەڵێنی دا کە لەهەمبەر گەشتی ئێرشاد و فیلتێرینگ و گوشارەکانی دەرەوەی دەوڵەت بە هەموو هێز و توانایەوە دەوەستێتەوە.

ئەم بەڵێنانەی پزشکیان کە تەنیا بۆ ڕاکێشانی خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدانە لەکاتێکدایە کە فیلتێرینگ و گەشتی ئێرشاد و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ پۆششی ژنان بەشێکە لە چوارچێوەی سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئیسلامی و بە ئاڵوگۆڕی دەوڵەتەکان، گۆڕینی تێدا دروست نابێت.

پزشکیان دوو حەفتە بەر لەم بەڵێنە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردان لە کۆبوونەوەیەکی پرسیار و وڵامدا لەگەڵ خوێندکارانی زانکۆی تاراندا ڕایگەیاندبوو کە لابردنی حیجابی زۆرەملێ، ئازادکردنی بەندکراوانی سیاسی و ئابووری لە چوارچیوەی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەودا نابێت.

جیا لەم قسانەی پزشکیان سەبارەت بە بێدەسەڵاتیی دەوڵەت لەهەمبەر ئەم بابەتانە محەممەدجەواد ئازەری جەهرۆمی وەزیری پێوەندییەکانی دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٢ لە وتووێژێک لەگەڵ ڕۆژنامەی شەرق ڕایگەیاندبوو کە پچڕاندنی ئینتێرنێت لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ساڵی ١٣٩٨ لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی ئەو وزارەتەدا نەبووە.

جەهرۆمی لەو وتووێژەدا زیادی کردبوو کە فیلتێرینگ و بچڕانی ئینتێرنێت حوکمگەلێکی یاسایی لە پشتدایە کە وەزارەتی ئەو نەیتوانیوە بەرەنگاری ببێتەوە.

ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە لە چوارچێوەی سیاسەتە سەرەکییەکانی ڕێژیمی ئیدۆلۆژیکی کۆماری ئیسلامی، بڕیارە بناژۆییەکان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەتە دەستنیشانکراوەکاندایە.