کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرشی ئەندامانی سپای پاسداران بۆسەر هاوڵاتییەک، ناڕەزایەتیی لێ کەوتەوە

12:37 - 16 بەفرانبار 2713

کوردستان میدیا: دوو ئەندامی سپای پاسداران رێژیمی ئیسلامیی ئێران بە چەکی سارد هێرشیان کردە سەر هاوڵاتییەکی کورد لە گوندی \'\'هانی گەرمەڵە\'\' سەربە بەخشی نەوسوود و لە ئەنجامدا ناڕەزایەتیی خەڵکی لێ کەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رێکەوتی ١٣ی بەفرانباری ١٣٩٢ی هەتاوی، هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی گوندی \'\'هانی گەرمڵە\'\'ی سەربە بەخشی نەوسوود لە شارستانی پاوە بەناوی \'\'فارۆق\'\' لەبەر دەم ماڵەکەی و لەبەر چاوی بنەماڵەکەیەوە، کرایە ئامانجی هێرشی دوو ئەندامی سپای پاسداران.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو ئەندامانەی سپای پاسداران کە خەڵکی شارستانی جوانڕۆ بوون، هاوڕێ لەگەڵ بەرپرسی بنکەی سپای پاسداران لە گوندی \'\'هانی گەرمڵە\'\' ئەو هێرشەیان ئەنجام داوە.
شایەتحاڵێک لەو پێوەندییەدا بە \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: هاتوچۆ بۆ گوندە سنوورییەکانی وەکوو هانی گەرمڵە، دزاوەر، کێمنە و شۆشمێ، کەلە هێڵی سیفری سنووریی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان هەڵکەوتوون بەبێ \'\'کارتی هاتوچۆی تایبەت (کارت تردد)\'\' ئەستەم و دژوارە و جگە لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو گوندانە، کەسانی دیکە ئیزنی هاتوچۆیان نییە، هەنووکە هاتنی ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران و هێرش کردنیان بۆسەر هاووڵاتییان جێی پرسیار و گومانە\'\'.
ئەو شایەتحاڵە وتی: ئەو دوو ئەندامەی سپای پاسداران بە هاوڕێیەتیی فەرماندەی \'\'بنکەی سپای پاسداران لە \'\'هانی گەرمڵە\'\' هێرشیان کردووەتەوە سەر ئەو هاووڵاتییە و پاش ئاگاداربوونەوە خەڵک لە مەسەلەکە، تێکهەڵچوون لە نێوان خەڵک ئەندامانی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.
بەوتەی ئەم هاووڵاتییە، هێزی ئینتزامیی رێژیم پاش ئاگاداربوونەوە لەو شەڕ و تێکهەڵچوونە، ویستی هێرشبەران دەسبەسەر بکات، بەڵام فەرماندەی سپای پاسداران لە گوندی هانی گەرمڵە پێشگیریی لێ کردووە.
جگە لەو هاووڵاتییانەی کەلە گوند سنوورییەکانی ئەو ناوچەیەدا نیشتەجێن، هیچ کەسێکی دیکە ئیزنی هاتوچۆی بۆ ئەو ناوچە سنوورییانە نییە و ئەم هاتوچۆیانەش بە دروست کردنی کارتی تایبەت بۆ هاووڵاتییانی دانێشتووی ئەو گوندانە کە لەلایەن فەرمانداری شارستانی پاوە و قرارگاه کاظمی جێگیر لە تەپە کۆئیکی روانسەر دەردەچێ، هەموار کراوە.
هەتا ئێستا هۆکاری هێرشی ئەو دوو هئەندامەی سپای پاسداران بۆسەر ئەو هاووڵاتییە بە ناڕوونی ماوەتەوە.