کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێزەکانی رێژیم لە نێو شاری سەقز تەقەیان لە هاووڵاتییەکی کورد کرد

21:34 - 25 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە شاری سەقز تەقەیان لە هاووڵاتییەکی کورد کرد و هەوڵی دەست بەسەر داگرتنی ماشێن و دەستبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییە لەلایەن هێزەکانی رێژیم، پەرچەکرداری هاووڵاتییانی کوردی بەدواوە بوو.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر ٤ی دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢٤ی خەرمانانی ١٣٩٣ی هەتاوی هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئیران بە مەبەستی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییەکی کورد لەسەر پردی شارەکی شاری سەقز، ماشێنی ئەو هاووڵاتییە کوردەیان دایە بەر دەستڕێژی گولـله.

دوای تەقەی هێزەکانی رێژیم لە ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەر چوار تەگەری ماشێنەکەی پەنچەر بوونە و دواتر کە هێزەکانی رێژیم ویستوویانە ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر بکەن، خەڵک هێرش دەبەنە سەر هێزەکانی رێژیم پێش بە ئەو کردەوەی هێزەکانی رێژیم دەگرن.

هێزەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران جیا لەوەیکە بە شێوەی راستەوخۆ لەسەر سنوورەکان، هاووڵاتییان دەداتە بەر دەسڕێژی راستەوخۆی گولـلە، لە ناو شارەکانیشدا تەقە لە هاووڵاتیان دەکات.

لەو پێوەندییەدا بە پێی راپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکان، فەتحووڵڵا زەمانیان سەرۆکی پۆلیسی ئاگاهی هێزەی ئینتزامیی رێژیم رایگەیاندووە: ئێمە لەسەر سنوورەکان بە شێوەی راستەوخۆ تەقە لە کۆڵبەران دەکەین.

هەرساڵە چەندین کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستان و دەیان هاووڵاتیی کورد لە نێو جادەکاندا بەهۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم دەکوژرێن و بریندار دەبن.
بەپشت‌بەستن بە ئاماری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەسەرەتای ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوییەوە هەتا ئێستا ٦٦ هاووڵاتیی کورد لە ناوچە سنوورییەکان و لەنێو جادەکانی کوردستانی ئێران‌دا بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی رێژیم کوژراو و بریندار کراون.