کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٣٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی سەلاس باوەجانی لە ئاگردا سووتان

17:49 - 3 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا:ئاگرکەوتنەوەیەک لە سەلاسی باوەجانی بە هۆکارێکی ناڕوون بەشێک لە دارستانەکانی لەناو برد و لەلایەن خەڵکەوە کۆنترۆڵ پێش لە تەشەنەسەندنی گیرا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی پووشپەڕ، ٣٠٠ هێکتار لە دارستان و لێڕەوارەکانی شارستانی سەلاسی باوەجانی لە ئاگردا سووتان.

بەپێی ئەم راپۆرتە، ئەو ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی بەخشی \'\'ئوزگولە\'\' سەربە سەلاس باوەجانی رووی داوە و زیانێکی زۆری بە سروشتی کوردستان لەو ناوچەیەدا گەیاندووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوە ئەم هەواڵە لە هۆکارەکانی رووداونی ئەم ئاگرە هیچ زانیارییەک بڵاو نەبووەتەوە، بەڵام دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لەو بڕوایە دان کە دەست و پێوەندییەکانی رێژیم هۆکاری سەرەکیی ئەو ئاگرکەوتنەوانەن و رێژیم بە هەموو شێوەیەک لە هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستان دایە.

هاوکاری نەکردنی تیمەکانی فریاکەوتن و ئاگرکوژێنەوە لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان، ئاماژەیەک بۆ سەلماندنی راستیی ئیدیعای هاووڵاتییانە.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٦٠ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای سنه رووی داوە کە بەپێی ئاماری ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان ٤٤ حاڵەتی لە شارستانەکانی سەوڵاوا و مەریواندا هاتووەتە ئاراوە.

لەو پێوەندییەدا رۆژی شەممە رێکەوتی ٣١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، ئاگرکەوتنەوەیەک لە کوێستانەکانی چیای شاهۆ لە نزیک گوندی \'\'داریان\'\' سەربە شارستانی پاوە، لە شوێنێک بەناوی \'\'گاهۆڵ\'\' رووی دا کە هەواڵەکەی لە \'\'کوردستان میدیا\'\'دا بڵاو کرایەوە.