کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢ هەزار خوێندەواری ناوەندەکانی خوێندنی باڵا لە پارێزگای ئیلام بێکارن

17:27 - 1 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: لە کۆی گشتیی حەشیمەتی ٥٥٠ هەزار کەسیی پارێزگای ئیلام، ١٢ هەزار کەس لە هێزی خوێندەواری ناوەندەکانی خوێندنی باڵا، سەرەڕای هەبوونی سەرچاوەی سروشتییەکانی وەکوو گاز و نەوت لەو پارێزگایەدا بێکارن.
بەپێی راپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ئیلام، هەنووکە بێکاری بووتە گرفتی سەرەکیی دانیشتوانی پارێزگای ئیلام و سەرەڕای هەبوونی کۆمەڵێک پاڵاوگەی نەوت و گاز و کارگەی پێترۆشیمی و هەروەها سەرچاوە سروشتییەکان، نرخی بێکاری لەسەدا ٣٠ زیاتر راگەیەنراوە و ئەو پارێزگایەی بردووەتە ریزی یەکێک لە بێکارترین پاریزگاکانی ئێران.

زیادبوونی رێژەی بێکاری لە پارێزگای ئیلام لە کاتێک دایە کە رێژەیەکی زۆر لە هێزی مرۆیی لە ناوچەکانی دیکەی ئێرانەوە رەوانەی ئەو پارێزگایە کراوە و لە پیشە سەنعەتییەکانی وەکوو پاڵاوگەکانی نەوت و گاز و کارگەی پێترۆشیمی و سەرچاوە سروشتییەکان و ... هتد دامەزراون.

بەپێی زانیارییەکان هەنووکە رێژەیەکی زۆر لە ئەندازیار و کەسانی شارەزا بە فڕۆکە رەوانەی پارێزگای ئیلام دەکرێن و لە پرۆژە جۆراوجۆرەکانی ئەو پارێزگایە چالاکی دەکەن و پاش ماوەیەکی کورت هەر لە رێگەی فڕۆکەوە رەوانەی شارەکانی دیکەی ئێران دەکرێنەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە ١٢ هەزار کەس هێزی خۆجێیی خوێندەواری دەرچووی زانستگاکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا لە پارێزگای ئیلام بوونی هەیە.