کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٢٠ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی کرماشان وشک بوون

16:24 - 6 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: لە تێکڕای ٥٢٧ هەزار هێکتار لە دارستانەکانی پاریزگای کرماشان، ١٢٠ هەزار هیکتاری وشک و لەناو چوون.
هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سروشتییەکانی پارێزگای کرماشان بڵاوی کردەوە، رێژەی وشکبوونی دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگای کرماشان بە چڕی ٢٠ هەتا ٧٠ لەسەد لە ئاڵوگۆڕ دایە.

ئەو بەرپرسەی ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانی کرماشان وتوویەتی: تێکڕای دارستانەکانی زاگرۆس لە پارێزگای کرماشان و بەتایبەت داربەڕووەکان، مەترسیی وشکبوونیان لەسەرە.

مێمڵی مووخۆرە (لۆرانتۆس)، مێمڵی قالوێنجەی دارخۆرە و جۆرێک نەخۆشیی قارچک، لە هۆکارەکانی وشکبوونی دارستانەکانی کرماشان راگەیەنراوە، بەڵام هەتا ئێستا هۆکاری وشکبوونی داربەڕووەکان لەو پارێزگایەدا نەزانراوە.

وشکەساڵی، هەبوونی گەردیلەی زیانبەخش هەوا و ئاگرکەوتنەوە و هەروەها کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئێران لە گرینگی دان بە ژینگە، کۆمەڵێک هۆکاری دیکەی وشکبوونی دارستانەکانی کوردستان لە پارێزگای کرماشان دایە.