کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئورمیە/ شێرینی فروشێک بەهۆی نەخشاندنی ئاڵای کوردستان لەسەر کیکێک لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە دەسبەسەر کرا

16:48 - 4 خەرمانان 2714

کوردستان میدیا: شێرینی فرۆشێکی خەڵکی ئورمیە بەهۆی سەرنج نەدان بە هۆشدارییەکانی ئیدارەی ئەماکنی رێژیمی ئێران لەهەمبەر گۆڕینی ناوی دووکانەکەی و دروست کردنی ئاڵای کوردستان لەسەر کیکێک دەسبەسەر کرا.

ماڵپەڕی هرانا بڵاوی کردەوە، هێزەکانی ئیدارەی ئەماکنی رێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ئورمیە، هاووڵاتییەکی کوردیان بەناوی \'\'سەڵام ئەحمەدی\'\' خاوەنی شێرینی فروشیی \'\'لاوان\'\' بەهۆی نەگۆڕینی ناوی دووکانەکەی لە زمانی کوردییەوە بۆسەر فارسی و هەروەها نەخشاندنی وێنەی ئاڵای کوردستان لەسەر کیکێک دەسبەسەر کرد.

هێزەکانی رێژیم لەو هێرشەدا بۆسەر دووکانی ئەو هاووڵاتییە کوردە، کامپیۆتێری دووکانەکەشیان پشکنیوە و دوابەدوای پشکنین کۆمپیووتێری دووکانەکەی بە تۆمەتی دروست کردنی کیكێک بە ئاڵای کوردستانەوە دەسبەسەر و پاشان رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە ئورمیە کراوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش چەند رۆژ راگرتن لە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم، رەوانەی زیندانی ئورمیە کراوە.