کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لەلایەن چوارکەس لە دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیمی ئێران لە بازاڕییەکانی ئورمیە ئاشکرا بوو

21:39 - 3 رەزبەر 2714

کوردستان میدیا: چوار کەس لە دەست‌وپێوەندییەکانی رێژیم ماوەیەکە بە زۆر پارە لە بازاڕیانی کوردی شاری ئورمیە دەستێنن کە بەهۆی نەبوونی پشتیوانی هیچ ناوەندێک لەو کەسانە، هەتا ئێستا بە شاراوەیی مابوویە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، یەکێک لەو دەستوپێوەندییانەی رێژیمی ئێران کە لەلای بازاڕیانی شاری ئورمیە بە بەهەشتی ناسراوە بە هاوکاریی سێ کەسی دیکەی سەربە رێژیم ماوەیەکە کە رۆژانە بە گەڕان لە نێو بازاڕەکانی ئورمیەدا پارەیەکی زۆریان لە دووکاندارە کوردەکان ئەستاندووە.

بەپێی راپۆرتی سەرچاوەیەکی باوەڕ پێکراو لە شاری ئورمیە، بەهەشتی لە کاسانی سەربە قەرارگای ١٥ی بەسیجی ئورمیەیە کە بە هاوکاریی سێ کەسی دیکەی سەربە رێژیم بە ماشێنی جۆری سەمەند هەڵسووڕاون و رۆژانە پارەیان لە بازاڕیانی کوردی ئەو شارە ئەستاندووە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: کردەوەکانی ئەو چوار کەسە لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا دوای دەرکەوتنی ئەستاندنی پارەی نەختی لە یەکێک لە بازاڕیانی کورد ئاشکرا بووە.

بەپێی ئەو راپۆرتە بازاڕیان هەتا ئێستا بەهۆکاری ناڕوون لە درکاندنی ئەو مەسەلەیە خۆیان بواردووە.

لەو پێوەندییەدا و ماوەیەک پێش ئێستا شوناسی چەند کەس لە ئەندامانی گرووپێکی تاوانکار کەلە ناوچەی برادۆست سەرقاڵی چالاکی بوون ئاشکرا بوو کە یەکێک لەو کەسانە فەرماندە پایگای مرنی بووە.

لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا وەرگرتنی پارەی زۆرەملی لە هاووڵاتیانی کورد لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەربە رێژیمی ئێران بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ماڵپەرێ کوردستان میدیا هەتا ئێستا چەندین راپۆرتی لەسەر ئەستاندنی پارەی زۆرەملی لەلایەن رێژیمی ئێران و کەسانی سەربە سپای پاسدران لە ناوچەکوردنشینەکان بڵاو کردووەتەوە.